سوپای پاكستان بۆ ئێران:
ئەوەی پەنجەمان بۆ درێژ كات پەنجەکەی بە بڕاوی بۆ دەنێرینەوە
سوپای پاكستان راگەیاندراوێكی پڕ لە هەڕەشە ئاراستەی ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت كە هەر وڵات و لایەنێك دەستدرێژییان بكاتە سەر، بە سەرشۆڕی دەگەڕێتەوە و ئەوەی پەنجەیان بۆ درێژ بكات پەنجەی دەبڕن.
سوپای پاكستان لە ڕاگەیاندراوێكدا كە پاش هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی 1ی 2024 بۆ سەر چەند شوێنێكی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئێران هێرشی كردە سەر خاكی پاكستان بە مووشەكی بالیستی و بەو بیانووەی سوپای عەدلی بەلووشی كردووەتە ئامانج. پاكستان بەردەوام بوختانەكانی ئێران و ئەوانەی لەپشت ئێرانیش وەستاون، ڕەت كردووەتەوە. چونكە ئەوەی ئێران كردوویەتی پێشێلكردنی سەروەریی پاكستان و پێشێلكردنی هەموو بەڵێننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە.“
سوپای پاكستان ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە وەڵامدانەوەكەیان بەقەد كارەكەی ئێران بوو كە دەبوایە هاوشێوەی ئەوان وەڵام بدەنەوە، هەروەك دەڵێت: ”ئێمە پارووێكی چەور نین، دەوڵەتێكیش نین كە سوپایەكی نەبێت بەرگریی لێ بكات و هەر بابایەك هات دەستدرێژیی بكاتە سەر بە ئاسانی و بەبێ وەڵامدانەوە.“
جەختیش لەوە كراوەتەوە: ”سوپای پاكستان چوونە نێو خاكی ئێران و ژمارەیەك پێگەی سەر بە گرووپە جوداخوازە تیرۆریستییەكانیان وێران كرد كە ئێران وەكوو بارەگا بەكار دەهێنن و بە مووشەك و درۆن لێمان دان. لێرەوە هۆشداری بە هەر یەكێك دەدەین كە ئەوەی پەنجەمان بۆ درێژ دەكات، پەنجەكەی بە بڕاوی بۆ دەنێرینەوە. ئەوەیشی بیر لەوەش بكاتەوە دەستدرێژیمان بكاتە سەر، بە سەرشۆڕی دەگەڕێتەوە.“
سوپای پاكستان ئاماژەشی بەوە داوە: ”پاكستان سوپایەكی هەیە كە قەڵغانەكەیەتی، سوپایەكە سەرشۆڕی و سووكایەتی قەبووڵ ناكات. سەركردەیەكیشی هەیە لە كەس ناترسێ، سەركردەیەك كە سوێندی خواردووە پارێزگاری لە پاكستان بكات، خۆی و گیانی خۆی بۆ پاكستان و گەلەكەی تەرخان كردووە. بۆ هەر كەسێك كە بیر لەوە دەكاتەوە دەست بۆ ئاسایشی پاكستان بێنێت، هۆشداری نادەین، بەڵكوو پەنجەمان لەسەر پەلەپیتكەیە و بانگەوازیشمان ئەڵاهو ئەكبەرە، (وسيعلم اللذين ظلموا أي منقلب ينقلبون) ئەڵاهو ئەكبەر، بژی پاكستان.“