تورکیا : بۆڕی نەوت ئامادەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەری عێراق ئۆیل ڕێپۆرت:

تورکیا بە فەرمی عێراقی ئاگادار کردۆتەوە کە بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ کارپێکردن و لەتوانایدا هەیە ڕۆژانە 475 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی 10ـی 2023 ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت هەواڵێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: تورکیا بە فەرمی عێراقی ئاگادار کردۆتەوە کە بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ کارپێکردن، توانای گواستنەوەی 475 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەیە.

ڕاشیگەیاند: لە ڕێکەوتی 02ـی 10ـی 2023 بۆتاس کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی تورکیا نامەیەکی ئاراستەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی کردووە.

لە نامەکەدا نووسراوە “ئاگادارتان دەکەینەوە کە بەشی ITP (بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا)،لە خاکی تورکیا لە ڕێکەوتی 04ـی 10ـی 2023ـەوە ئامادە دەبێت بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی خاو کە لە عێراقەوە دێت.”

لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێودەوڵەتیی پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

هەروەها لە ڕۆژی دووشەممە 02ـی 10ـی2023 ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتی نەوت لە ئەبوزەبی ئاماژەی بەوە دا کە “هێڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ئامادەیە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست بە کار و چالاکی دەکاتەوە.”.