ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: کتێبەکەی کاک مەسعود یادەوەرییە و سەرانی یەکێتی بۆ تەسفیەی کادرانیان ئیستغلالیان کردووە
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەڤەری راپەڕین، بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی هەمان ئەو سیناریۆیانەی پێشترە کە لە دوای ٨ی تەمموزەوە سەرانی یەکێتی کادیرانیان پێ تیرۆر کردووە، بەڵام ئەمجارە سیناریۆیەکە بەشێوازێکی دیکە گۆڕاوە، جۆری ئەو چەکەی نیاز دەرگەڵەی پێی تیرۆرکراوە بێدەنگە و لەنێو باخەکەی بووە، ئەم کردەوەیەش بۆ چەند مەبەستێک کراوە، لەوانە تەسفیەی کادیرێکی سەربازی دیاری ناوچەکە کە نزیکبووە لە کاک لاهور، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە کتێبی یادەوەری جەنابی کاک مەسعودیان هێناوە و ئیستغلالی دۆخەکەی پێ دەکەن، تا بیخەنە بەرامبەر تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە هەولێر، بۆیە ئەم بڕگەی لەنێو کتێبەکەی کاک مەسعود باسی خیانەتی ئەم پیاوە لە ساڵی ١٩٩٦ دەکات. دەیانەوێ بڵێن ئەم تیرۆرە بەهۆی ئەو باسکردنەیە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دەکەین، ٢٠ ساڵ تێپەڕیەوە ئەگەر مەبەستێک بۆ تۆڵەسەندنەوە هەبووبێت، بۆ ئێستا دەیکوژن؟
لە کاتێکدا ئەم پیاوە زۆربەی کاتەکانی بەتەنیا بووە و یەک پاسەوانیشی لەگەڵ نەبووە؟
سەرکردایەتییەکەی یەکێتی گوتیشی؛ لە دوای رووداوەکانی ٨ی تەمموزەوە جووت برا بە نەفەسی تیرۆرکردن و تەسفیە حزبەکەیان ئاراستەکردووە، دەیانەوێ یەکێتی بکەن بە حزبێکی سەربازی قڕکەر، بۆ چاندنی تۆوی ترس لە دڵی هەر کەسێک ئەگەر بیەوێ رەخنەیان بەرامبەر لێ بگرێت، تێبینتان کردووە کە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیش بێ رۆڵکراون، کەس نازانێ لەنێو حزبەکە چی دەکرێ و چۆن دەکرێت جگە لە جووت برا خۆیان.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە لەبەر دانەنانی هێڵێک بۆ ستۆپ پێکردنی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، چ لەلایەن لاهور جەنگی، چ لەلایەن لایەن و هێزەکانی دیکەوە، هەر لەسەر ئەم کوشتار و تیرۆر و تۆقاندنە بەردەوام دەبن، بەداخەوە دەبێ چاوەڕێی سیناریۆی دیکە و تیرۆر و هەواڵی ناخۆشی دیکەش بکەین.
هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بازنەی یەکەم، بازنەی دووەم، بازنەی سێیەمی کاک لاهور، جا هەیە سەرکردایەتییە، یان فەرماندەی سەربازی و ئەمنییە، یان کۆمەڵایەتییە هەموو ئەمانە لەنێو بازنەی بەئامانجگرتننی بافڵ تاڵەبانی و براکەیدان، ئەوە نازانرێت کە لە لیستەکەیان دا بۆ تەسفیەکردنی کەسەکان ناوی کێ لە پێش ئەوانی دیکەوەن و زووتر تیرۆر دەکرێ بە کاک لاهور خۆی و براکانیشیەوە کە لەنێو ئەو لیستەدایە بۆ پاکتاوکردن، جا بەس کات و شوێنەکە و ئەو دەرفەتانەی دێنە پێش و چۆنیەتی سیناریۆکە.