سەرکردەیەکی یەکێتی: جوتبرا دەیانەوێ پەیوەندی پتەوی نێو شارەکانیش بشێوێنن
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ هەولێر شارێکی خۆڕاگرە و ئێمە پێشتر بە قەڵای سەوز ناومان دەبرد، بەڵام ئێستا ئەوەی دەکرێ دورە لە پرەنسیپی حزبیمان، هەموو پارچەیەکی کوردستان پیرۆزە لە زاخۆ تا خانەقین دەبێ یەک دەنگی یەک گوتاری هەبێت، نەک سوکایەتی پێ بکرێت.
روونیشی کردەوە کە قوباد تاڵەبانی داهێنەری هەموو ئەم نەریتە سەیرانەیە، بە جۆرێک کار لەسەر بابەتەکە دەکات کە پەیوەندی بتەوی نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نێو شارەکان کە هەیە ئەوەش ببچڕێنێت، ئەمەش نامۆیە بە کوردستان، ئەم دوو برایە هەر بە شێواننی نەریتەکان و گرنگی دان بە بابەتی جێندەر، قاچاخچێتی، بردنی داهاتی ناوچەکە نەوەستاون، ئێستا دەیانەوێ دژایەتی نێو دانیشتوانی شارەکانیش پەرە پێ بدەن، ئەمەش جێگای داخە.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتیشی؛ یەکێتی نوێی جوتبرا بووە بە بەڵا بەسەر خەڵکی سلێمانی و ئیدارەکانی ئەم ناوچەییە، لە هەموو روویەکەوە ژیانیان راگرتووە، هیچ رێز و بەهایەک بۆ خەڵک و جەماوەری حزبەکەمان چ دەگا بە شارەکان نەهێڵدراوە، ئەمەی برامبەرا بە هەولێر و خەڵکە خۆڕاگرەکەشی لەلایەن میدیاکانی قوباد تاڵەبانی دەکرێت، بەداخەوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، نامۆیە بە سیاسەتی یەکێتی پێشتر، ئێمە لەم جۆرە سیاسەتکردنە بەرامبەر بە شارەکان و جەماوەرەکەشمان ناڕازین.
ئەوەشی خستە روو کە شاری هەولێر لەسەرانسەری عێراق بە چاوێکی بڵند تەماشا دەکرێت، پایتەختی کوردستانە و شارێکی مێژووییە و رووبە رووی هەموو ستەمێک بووەتەوە، ئێمە وەک سەرکردایەتی یەکێتی و جەماوەرەکەشی وەک دەبینن زۆر نیگەرانن لەم هەڵوسکەوت و ئاراستەیەی هەیە.