پەلەمانتارێکی عێراق: گواستنەوەی میلاکی مامۆستایانی سنووری مادەی ١٤٠ بۆ سەرعێراق، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقە، هیچ پەیوەندی بە یەکێتییەوە نییە
سەباح حەبیب پەرلەمانتاری یەکێتی لە لێدوانێکی بۆ یەکێک لە میدیاکانی حزبەکەی رای گەیاندووە کە وەک فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین کە حکومەتی عێراق تانە لە لابردنی بڕگەی گەڕاندنەوەی راژەی مامۆستایانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق بدات، لە کاتی خۆیدا ئەو هەنگاوە بە هەوڵی بافڵ تاڵەبانی جێگیرکراوە و چەند جارێک تەئکیدی لە وەزارەتی پەروەردە کردووەتەوە.
لەمبارەیەوە د.نەهلە قادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (بازمیدیا)ـی راگەیاند؛ ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە کەسێک یان لایەنێکی سیاسیی و فراکسیۆنێک نییە، بەڵکو بەرنامەی حکومەتە و بەرنامەی کاری بۆی هەبووە، سێ مانگ پێش پەسەندکردنی بوودجە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی میلاکی مامۆستایانی سنووری مادەی ١٤٠ بۆسەر بەغدا کراوە، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت لە چەندین کۆبوونەوەی لە بەغدا بەشداریکردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ئالیەتێک بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو مامۆستایانە رێککەوتن بکەن، واتە لایەنە داراییەکەی.
ئەوەشی خستە روو کە هەردوو وەزیری پەروەردەی کوردستان و عێراق لەسەر ئەوە رێککەوتوون، پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان دەستکاری نەکرێن، هەروەها میکانیزمێک بۆ ئەم بابەتەش وەک مسۆدە ئامادە کراوە و واژۆی لەسەر کراوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کاری جدی لەسەر کردووە.