ڕۆژی پێنجشەممە ٦/٧ هێزێکی ئەمنی لەشاری سلێمانی لەسەر شەقام هاوڵاتیەکی سڤیل دەستگیر دەکەن بەناوی دکتۆر ئالان فریدون کە پیشەی مامۆستای زانکۆیەو پێشوتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بوە و دواتر ئازادی دەکەن و بیانوی دەستگیرکردنەکەشی ئەوەبوە گوایە ناوبراو وێنەی کاروانی ئۆتومبیلی هێزێکی ئەمنی گرتووە.
ئێمه لەدەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانین لە دەستگیر کردنی ئەو ماموستایە. ئیدانەی شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەکەین و لامان وایە دەچێتە چوارچێوەی ڕفاندن چونکە بەبێ فەرمانی دادوەر و ڕێکاری یاسایی بووە ، لای خۆمانەوە پشتگیری تەواوی ڕێکاری یاسایی دەکەین بەرامبەر هەر کەسێک کە لەسەر دۆسیەیەک داواکراو بێت، و پێویستە بەگوێرەی فەرمانی بەڕێز دادوەر مامەڵە لەگەڵ داواکراو بکرێت، نەوەک شێوازی هەڕەمەکی دەستگیرکردن و بردنی بۆ شوێن وبارەگای سەربازی ، چونکە ئەو جۆرە دەستگیرکردنە جێگەی پرسیارەو گومان دروست دەکات .
ئەوەش بەگشتی پرسیار دەخاتە سەر سەروەری یاسا و دەبێتە هۆی دروست بونی ترس و دڵە ڕاوکێ لای هاوڵاتیان و پێچەوانەی تەواوی بنەماکانی مافی مرۆڤە ، لە ئاستی نێودەوڵەتیش باش نابێت بۆ هەرێمی کوردستان و ناوبانگی هێزە ئەمنیەکان، بۆیە دووبارە بونەوەی ئەو حاڵەتانەش خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراتی و ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێم ناکات و نیگەرانی هەموو لایەکی لێکەوتۆتەوە.
ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەو کەیسەمان کردوەو پێویستە هەرچی زووە ئەو هێزە ئەمنیەی بەو کارە هەڵساوە ڕونکردنەوە بۆ ڕای گشتی بدات و دۆسیەکەش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان یەکلا بکرێتەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
٨/٧/٢٠٢٣