سەرۆک ماکرۆن سێناتۆر کریستیانی ڕاسپارد سەردانی سەرۆک بارزانی بکات

سه‌رۆك بارزانی لە پیرمام پێشوازی له‌ سیناتۆر كریستیان كامبۆن سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی فەڕه‌نسا كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممە 1ـی ئۆكتۆبه‌ر، به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، سەرۆک بارزانی له‌ دیدارێکدا پێشوازی لە سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی فەڕه‌نسا کردووە .
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی فەڕه‌نسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ بارودۆخی عێراق و كوردستان هه‌بووە و ڕای گه‌یاند، سه‌رۆك ماكرۆن ڕایسپاردووه‌ كه‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بكات بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی عێراق.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایه‌ به‌رباس و بیروڕا له‌باره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش ئاڵوگۆڕ كرا كه‌ له‌ نێوان چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی و سوننه‌ و كورد له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ئه‌نجام دراوه‌، دووپاتیش له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانی عێراق له‌ ڕێی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت.