مەسرور بارزانی : ھاوکاری زیاتری مامۆستایان دەبین

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداریی لە ڕێورەسمی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی هاوبەشی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی و زانکۆی ئەمریکیی کوردستان کرد و تێیدا گوتارێكی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• سوپاسی گەنەل ئینێرجی دەكەم بۆ دابینكردنی ئەو دەرفەتە بۆ ئەو قوتابییە بەهرەدارانەی كە قۆناغێكی نوێ لە خوێندن دەست پێدەكەن و ئومێدم وایە لە دواڕۆژدا ببن بە سەركردەی كاریگەر و كەسێكی گرنگ لە كۆمەڵگەكەمان.

• بێگومان ئەم قوتابییانە ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت توانای ئەوەیان هەیە شتی زۆر جیاواز بکەن.

• داوا لە هەموو کۆمپانیاکانی دیکە دەکەم بەشێک بن لەم جۆرە دەستپێشخەرییانە، بۆ ئەوەی بەشێک بن لە بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە.

• وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هاوکار دەبێت لە دڵنیایی دان کە پەروەردە بەرەو باشی دەچێت، تا بتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کێبڕكێ بکەین.

• ئەوەمان لەبیر نەچێت ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئایندەی ئێمە دەکەوێتە سەر پەروەردە.

• پێویستە دەرچووان خۆیان لەگەڵ ئابوورییەکی ئاڵۆز بگونجێنن و بیرۆکەکانیان بکەن بە بەرهەم.

• سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و کەموکووڕی لە سەرچاوەکانی داهات، بەڵام ئێمە توانیمان پێشکەوتنی باش تۆمار بکەین.

• کابینەکەی ئێمە هەمیشە هەوڵی داوە پاڵپشتی لە نەوەی داهاتوو بکات، ئەمەش بەپرسیارێتی ئێمەیە.

• نابێت قوتابخانەکانمان هەست بە کەموکورتی بکەن و دەبێت دڵنیا بین لەوەی قوتابخانەکانمان هاوکار بن لە ئامادەکردنی نەوەی داهاتوو تا کوردستانێکی بەهێزترمان هەبێت.

• دەبێت لە کەرتی پەروەردە سوود لە تەکنەلۆجیای نوێ وەرگرین و دڵنیاببینەوە قوتابخانەکان دەتوانن نەوەی داهاتوو ئامادەبکەن.

• بابەتی بەدیجیتاڵکردن زۆر گرنگە، ئەمە وادەکات بەرەو پێشەوە بچین و پەرەپێدانی زیاترمان هەبێت و بتوانین کێبڕکێ بکەین لەگەڵ جیهان.

• هەمیشە دەمانەوێت باشترین پاڵپشتی بۆ مامۆستاکانمان دابین بکەین.

• مامۆستاکانمان پاڵەوانەکانی ئێمەن.

• ئایندەی وڵاتەکەمان پشت دەبەستێت بە چۆنیەتی بایەخدانمان بە کەرتی پەروەردە و پاڵپشتی مامۆستایانمان.

• هەوڵمان داوە كە تواناكانی خۆمان زیاد بكەین و بتوانین كە زیاتر سەرمایەی مرۆیی بۆ ئەم كەرتە دابین بكەین.

• سەرنجی سەرەكیم لەسەر ئەوەیە كە چۆن پاڵپشتیی مامۆستاكانمان بكەین و كەرتی پەروەردە باش بكەین و هاوكاریی دارایی زیاتر بۆ ئەم كەرتە بهێنین، تا هاوكاریی زیاتر بۆ ئەم كەرتە دابین بكەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە كەرتی پەروەردەش بەرەو باشتر دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button