ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 بنێرێت

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات

*ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەپێی ڕێژەی 14%دەستنیشان بکرێت.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/14، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا .
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، تاوتوێ کرا.
لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ لە زانیاریی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات وخەرجیەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت ، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووریی و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێری عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.
لەم ڕووەوە، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان ، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکار ڕاسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button