پردی چەمێ کرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و بەڕێز خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە پڕۆژەی درووستکردنی پردی چەمێ دوای کۆتایی هاتن بەکارەکانی کرایەوە و پێشکەش بە هاوڵاتیان کرا.
لە ووتارێکدا بەڕێز مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی ئاڕاستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی درووستکردنی (پردی چەمێ) کە بە هەستێکی نیشتیمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتبوو و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کرد.
بەڕێزیان ئاماژەی بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کار ئاسانی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەکات،لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانی دەیان گوندی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، جگە لە ئەو هاوڵاتیانەی کە بەم ڕێگایەدا گەشت دەکەن بۆ ووڵاتی تورکیا، بۆیە دووبارە بە ناوی خۆی و هاوڵاتیانی دەڤەری بارزان سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی ئاڕاستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
جێی باسە پردی چەمێ درێژیەکەی ١١١ مەترە و پانییەکەی ٢١ مەترە، جیا لە درووستکردنی پردەکە، ڕێگاکە لە هەردوو لای پردەکە بە درێژی زیاتر لە ٢ کیلۆمەتر بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیاریەکان درووستکراوە و لە ماوەی ٣ مانگ کارکردن تیایدا تەواو بووە.
هەروەها بەڕێز مەلامستەفا بارزانی لە درێژەی ووتارەکەیدا مژدە و مزگێنییەکی گەورە و دڵخۆشکەری بە خەڵکی ئازیزی سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕاگەیاند، کە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بڕیاری ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دراوە بۆ بە دووساید کردنی ڕێگای سەرەکی نێوان ( سۆران – مێرگەسۆر ) کە لە دەروازەی (گەلی عەلی بەگ – سۆران ) دەستپێدەکات تا دەگاتە پردی چەمێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، بە جێبەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە دانیشتووانی تەواوی ئەو گوند و شار و شارۆچکانەی کە دەکەونە سەر ئەو ڕێگایە وەک (باڵەکیان _ هاودیان و تەواوی هاوڵاتیانی سنووری قەزای مێرگەسۆر) لێی سوودمەند دەبن.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی



