هەڵگۆرد شێخ نەجیب: لە سۆران پەڵەی پڕۆژەی داوە و پێش سەری ساڵ تەواویان دەکەین

ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند ، ئەو پڕۆژانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، پێکھاتوون لەم پڕۆژانە خوارەوە.
یەکەم: دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندەکانی (بادلیان، دێلزیان، باڵەکیان و برادۆست) لە سنووری ناحیەی دیانا لە قەزای ناوەندی سۆران.
دووەم: تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و شەقامەکانی (گەڕەکی بەختیاری، گەڕەکی وەستا ڕەجەب و گەڕەکی برادۆست لە قەزای ناوەندی سۆران). ھەروەھا دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامی ٢٠ مەتریی (گەڕەکی کۆڕەک).
سێیەم: پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ١٨ گوندی دۆڵی خەلان و بیاو لە سنووری ناحیەی سرێشمە لە قەزای خەلیفان و پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگە و شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی ئالانە.
چوارەم: پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ و چەند شەقامێک لە سەنتەری قەزای سیدەکان و دروستکردنی ڕێگەی گوندی بۆڵی، کە ڕێگەی چەندین گوندی لەسەرە بە درێژیی ١١ کم.
پێنجەم: دروستکردنی چەند قوتابخانەیەک لە سەنتەری قەزای سیدەکان و گوندەکانی دەوروبەری قەزاکە.
شەشەم: دروستکردنی چەند شەقامێکی ناوخۆیی لە ناحیەی پیران لە قەزای مێرگەسۆر.
حەوتەم: دروستکردنی پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری سۆران.
ھەشتەم: بەردەوامیی پڕۆژەکانی ماستەرپلانی گەشتیاری لە گەلی عەلی بەگ.
نۆیەم: بەردەوامیی پڕۆژەکانی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەکانی سۆران.
دەیەم: پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگەی گوندی پیرسوان لە سنووری قەزای ڕواندز.
ھەروەها ھەڵگورد شێخ نەجیب ڕاشیگەیاند؛ بەشێکی زۆری پڕۆژەکان لە قۆناغی تەواوبووندان و بڕیارمان داوە زۆربەی پڕۆژەکان پێش سەری ساڵ تەواو بکەین. بەھۆی گرفتی داراییەوە بەشێکی پڕۆژەکان وەستابوون، بەڵام بە پاڵپشتیی جەنابی سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەردەوامیدان و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان دراوە و خۆشبەختانە ئێستا بەردەوامین لە کارکردن.
لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنییش، ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، “لە سیدەکان، چۆمان، خەلیفان و مێرگەسۆر پڕۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی کۆتایی ھاتووە. ماوەی ٢ ڕۆژە لە قەزای ناوەندی سۆران و ڕواندز دەست بە دابەشکردنی سووتەمەنی کراوە.



