بە ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، پێنجه‌مین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی جینۆسایدی گه‌لی كورد ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد

بە ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، پێنجه‌مین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی جینۆسایدی گه‌لی كورد ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد

رۆژی سێشه‌ممه‌ 28/10/2025 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ شاری دهۆك، پێنجه‌مین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی جینۆسایدی گه‌لی كورد ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

له‌ مه‌راسیمی ده‌ستپێكردنی ئه‌و كۆنفرانسه‌دا، سه‌رۆك بارزانی وتاریكی پێشكه‌ش كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌ به‌ستنی ئه‌و كۆنفرانسه‌ ده‌ربڕی . سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ مێژووی نه‌هامه‌تی و ئازار و سته‌م و ئه‌و جینۆسایدیانه‌ كرد كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هێنراون و رایگه‌یاند : قەدەری گەلی كوردستان بە درێژایی مێژو هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە، بە تایبەتی لە سەدەی رابردوو بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك و بەرنامەڕێكراو جینۆسایدی گەلی كوردستانیان دەست پێكرد.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ قۆناغه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد كرد، به‌ تایبه‌ت لە ساڵی ١٩٧٥ تا ساڵی ١٩٨٠ كه‌ به‌ ئه‌نفالی كوردانی فەیلی دەستیان پێكرد و دواتر ئەنفالكردنی بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٨٣و ئەنفالی فراوانی سەرتاسەری كوردستان لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ و دواتریش كیمیابارانكردنی كوردستان هه‌ر لە دۆڵی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان و لە ناوچەی نێروە لە ئامێدی و تاوانی گەورەی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨. هاوكات سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان كرد له‌ ساڵی ٢٠١٤ و رایگه‌یاند: دوایین جینۆسایدی گەورە كە خوێن لە دڵی مرۆڤ دێنێت، جینۆسایدی ئێزدییان بوو لە ساڵی ٢٠١٤ ، ئەمانە هەمووی نیشانی دەدات كە قۆناغ بە قۆناغ چ زوڵم و ستەمێك لەم میللەتە كراوە و ئەم میللەتە چ قوربانییەكی داوە بۆ ئەم ئازادییەی بەدەست هاتووە.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌: ئەم تاوانانە هێندە مەزنن كە قەت و قەت لەبیر ناكرێن، بەڵام وەرە تۆ مەزنیی ئەم میللەتە ببینە. خەڵكی كوردستان، ئەو رۆژەی كە خوا دەسەڵاتی دایە ئەوان، نەچوون بەرەو تۆڵەكردنەوە، بە تایبەتی كاتی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دوو فەیلەقی سوپای عێراق كەوتنە دەستی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە و جەماوەر، یەك سەربازی عێراقیش نەكوژرا و سووكایەتی پێنەكرا. هەر ئەو سەربازانە بوون كە ٤٥٠٠ گوندی ئێمەیان تەخت كرد، ئەوانە بوون كە ئەنفالیان كرد، ئەوانە بوون كە ئەو هەموو تاوانەیان كرد، بەڵام تاوانباری مەزن ئەوانە بوون كە بڕیاری ئەو تاوانانەیان دا.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ لێبورده‌یی گه‌لی كورد، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: قەت من خۆم تەخمینم نەدەكرد كە رۆژێك لە رۆژان خودا فورسەتێكی وا بدات كە تۆڵە نەكرێتەوە، بەڵام كە گەلی كوردستان ئەو وانەیەیان نیشانی من و نیشانی هەموو دونیا دا، بەداخەوە قیمەت و قەدری ئەو هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هێشتا نەزاندراوە. باسی ئاشتەوایی و موساڵەحەی نیشتمانی لەم وڵاتە و لە هی دی دەكەن، ئەوەی كە لە كوردستان بوو لە هیچ وڵاتێكی دونیا نەبووە.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌: گرنگ ئەوەیە ئەم تاوانانە لەبیر نەكرێن، بەڵام نەوەی داهاتووش بزانن چی بەسەر باب و باپیرانیاندا هاتووە و بزانن ئەو ئازادییە بە چ قیمەتێك هاتووەتە دەست، ئه‌مه‌ منەتی كەس نییە و كەس خێری بە ئێمە نەكردوە.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە جارێكی تر ئەم تاوانانە دووبارە نەبنەوە و دەبێ ئەو گەرەنتییە هەبێت كە جارێكی تر ئەم تاوانانە نە لە كوردستان و نە لە هیچ جێیەكی دی دووبارە نەبنەوە.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ئیراده‌ی گه‌لی كورد كرد له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و سته‌م و جینۆسایده‌ی ده‌رحه‌قی كراوه‌ و رایگه‌یاند: ئەمە راستییەكی نیشان دا، كاتێك میللەتێك ئیرادەی هەبێت و خۆڕاگر بێت، سەركەوتن هەر بەشی ئەو میللەتە دەبێت، هیچ جارێكیش نەبووە لە مێژوودا دیكتاتۆر سەركەوتبن، هەموو جار دیكتاتۆر سەرشۆڕ بووە و تیاچووە.

سه‌‌رۆك بارزانی باسی له‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفال كرد و به‌ سیمبولی به‌رخودان و شه‌ره‌فی گه‌لی كورد و ئازیزی هه‌موو ماڵێكی كورد و كوردستان وه‌سفی كردن و گوتی: وەك ئەوەی من بزانم، ژمارەیەك تاقانەی ئەنفال لەگەڵ ئێمە لێرەن لەم هۆڵەدا، من بەخێرهاتنێكی گەرمی ئەوان دەكەم. وشەی تاقانە خۆش نییە، ئێوە تاقانە نین، ئێوە سیمبوولی بەرخودان و شەرەفی ئەم میللەتەن، ئێوە ئازیزی هەموو ماڵێكی كورد و كوردستانن، ئێوە خۆشەویستی هەموو خاوەن ویژدانێكن لە سەرتاسەری جیهان ، هەموو كەس كەسی ئێوەیە و ئێوەش كەسی ئێمە هەموومانن. من دەزانم و زۆر باش هەست بەوە دەكەم كە ئێوە چ ئێش و ئازارێكتان كێشاوە، ئێوە چ زەحمەتییەكتان كێشاوە، دایكانی ئێوە چەند زەحمەتییان بە ئێوە كێشاوە، بەڵام ئەمانە هەمووی جێی سەربڵندییە بۆ ئێوە و بۆ ئێمەش، ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ لەسەر حكوومەتی هەرێم و لەسەر حكوومەتی فیدراڵ، قەرەبووی ئەم خەڵكە بكرێتەوە، قەرەبوو نەك بەو مانایەی كە خوێنی ئەوان تۆڵەی دەكرێتەوە یان مافیان پێ دەدرێت، هیچ سەروەت و سامانێكی دونیا بەهای ئەو خوێنەی نییە كە رژێندراوە، بەڵام شتێكی مەعنەوییە، شتێكی رەمزییە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێی خۆی بگرێت، نابێت ئەو تاوانانە ئەوها بە سادەیی بچێت و كەس هیچ حیسابێكی بۆ نەكات. تاوانی زۆر مەزن كراوە و قەرەبووكردنەوەی ئەو خەڵكە ئەركی حكوومەتی فیدرالییە، چونكە ئەو میراتگری ئەو حكوومەتەیە كە ئەم تاوانانەی كردووە و واجبی ئەوە و نابێ خۆی لەم مەسەلەیە لابدات، واجبی حكوومەتی هەرێمیشە كە بەردەوام لەسەر ئەمە داكۆكی بكات.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ پێویستی ناساندنی جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كرد و رایگه‌یاند: زۆر گرنگە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسێندرێت ، ئێمە سوپاسی پەرلەمانی فیدراڵی دەكەین كە لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەو بڕیارەی دا، بەڵام لە لایەن حكوومەتەوە هیچ كاری پێنەكرا. سه‌رۆك بارزانی سوپاسی پەرلەمانی سوید و په‌رله‌مانی بریتانیای كرد كه‌ جینۆسایدی گه‌لی كوردییان ناساندووه‌ . داواشی له‌ په‌رله‌مانی وڵاتانی ئه‌ورووپا و هه‌موو جیهان به‌ گشتی كرد كه بڕیار بده‌ن و تاوانه‌كانی دژ به‌ گه‌لی كورد به‌ جینۆساید بناسێنن. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ڕووی قسه‌كانی له‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ كرد و پێی راگه‌یاندن: ئەم بابەتە ئەركێكی زۆر پیرۆزە هەم لەسەر شانی حكوومەتی هەرێم، هەم حكوومەتی فیدراڵیشه‌ دەبێت لەمەدا هاریكار بێت.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌شی به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری جینۆسایدكراوان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌ستووردرا هاتووه‌ و رایگه‌یاند: لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی ١٣٢ ئەوە فەرز كراوە لە سەر حكوومەت كە پێویستە قەرەبووی ئەم خەڵكە بكرێتەوە.

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: هیوادارم لە دوای هەڵبژاردن كە بۆ عێراق لەپێشە، ئیتر دۆخێكی سەلامەتتر و تەندروستتر بێتە پێش، دۆخێك بێتە پێش كە ئەو دەستوورەی هەیە ئەو حەكەم بێت لە نێوان هەر هاووڵاتییەك و حكوومەت، ئەگەر دەستوور حەكەم بێت ئێمە هیچ كێشەمان نابێت، ئەگەر مەزاجی كەسی بڕیاردەر بێت، رەنگە كێشەكان بەردەوام بن و رەنگە گەورەتریش بن، چونكە بەڕاستی جێی داخە هێشتا هەندێك ماون لەژێر كاریگەریی ئەو فەرهەنگەدایە كە ئەنفالی دروست كرد، ئەمە نابێ بمێنێت، ئەو فەرهەنگە نابێت لە عێراق بمێنێت.

 

له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی بێپایانی خه‌ڵكی پارێزگای موسه‌ننا (سه‌ماوه‌)ی كرد كه‌ زۆر هاوكار بوون بۆ دۆزینەوەی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و رایگه‌یاند: هیچ جارێك چاكەی ئەوان لەبیر ناكەین. هاوكات سوپاسی حكوومەتی هەرێم و هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی كرد بۆ ئەو هەوڵ و تەقەڵایەی داویانە بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و رایگه‌یاند پێویسته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ زیاتریش بن و بەردەوام بن.

سه‌رۆك بارزانی سوپاسی تایبه‌تی ئاراسته‌ی پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین كه‌ریم كرد بۆ ئەو رۆڵەی لە ناساندنی تاوانی جینۆساید و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان هێنانەوەی ڕووفاتی جینۆسایدكراوان گێڕاویه‌تی ، سه‌رۆك بارزانی گوتی: بەم بۆنەیەوە و بۆ رێزگرتن لە ڕۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین، بە پێویستمان زانی كە مەدالیای بارزانی پێشكەش بكەین.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و كه‌سوكاری جینۆسایدكراوان گوتی: پەیمان بە هەموو ئازیزانی خۆمان دەدەین، هەتا دوایین نەفەس هەوڵ دەدەین یەك ئێسقانی شەهیدانی ئێمەش نەمێنێت بیهێنینەوە هەتا ئەوەندەی كە ئێمە پێمان بكرێت .

 

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وتاری سه‌رۆك بارزانییه‌.

 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مێوانانی بەڕێز

ئامادەبوانی بەڕێز

هەمووتان بەخێربێن سەرچاو

 

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئەم دەرفەتە رەخسا منیش لە خزمەتی ئێوەدا بم. اسمحوا لي ان ارحب بالسادة الكرام الاخوة الاعزاء على حضورهم لهذا المؤتمر المهم الخاص بعمليات الابادة الجماعية (الجينوسايد) في كوردستان، حضوركم دليل على اهتمامكم ومشاركتكم لأحزاننا، وما شاهدناه قبل قليل من صور توثق هذه الجرائم، تدمي القلب، نرجوا الله للشهداء الجنة والصبر والسلوان لنا ولذويهم.

 

قەدەری گەلی كوردستان بە درێژایی مێژو هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە، بە تایبەتی لە سەدەی رابردوو بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك و بەرنامەڕێكراو جینۆسایدی گەلی كوردستانیان دەست پێكرد. لە ساڵی ١٩٧٥ تا ساڵی ١٩٨٠ بە كوردانی فەیلی دەستیان پێكرد. بەپێی هەموو ئەو زانیارییانەی كە هەیە، جگە لە دەركردنی هەزارەها خانەوادەی فەیلی كە بە سەدەها ساڵ بوو لە عێراق دەژیان و تاڵانكردنی هەموو سەروەت و سامانی ئەوان، ١٢ هەزار گەنجی ئەوانیش لە تەمەنی ١٨ ساڵی هەتا ٣٠ ساڵی بێسەروشوێن كرا و تا ئەمڕۆش كەس نازانێت گۆڕەكانی ئەوان لە كوێن؟

ئەوەی بۆ ئێمە مەعلووم بوو و دەركەوت، ژمارەیەكی زۆری گەنجانی فەیلی و لە بارزانییەكانیشیان بردوو بۆ عەكاشات و قائیم و لەوێ تەجرووبەی چەكی كیمیاوییان لەسەر كردبوون.

پاش ئەوە ئەنفالی بارزانییان بوو لە ساڵی ١٩٨٣، پاشان ئەنفالی فراوانی سەرتاسەری كوردستان لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨، پاشان كیمیابارانیان دەست پێكرد لە دۆڵی خۆشناوەتی و لە دۆڵی بالیسان، هەروەها لە ناوچەی نێروە لە ئامێدی كە چەندین بارەگای پێشمەرگە و بارەگای لقی یەكی پارتی كیمیاباران كران. پاشان تاوانی گەورە كە لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ كرا كە كیمیابارانی هەڵەبجە بوو كە ئەویش دەتوانین بڵێین تەتویج (كۆتاییەكەی) بوو بۆ ئەو تاوانانەی كە دەستی پێكردبوو. دوایین جینۆسایدی گەورە كە خوێن لە دڵی مرۆڤ دێنێت كاتێك دەیبینێت، جینۆسایدی ئێزدییان بوو لە ساڵی ٢٠١٤. ئەمانە هەمووی نیشان دەدات كە قۆناغ بە قۆناغ چ زوڵم و ستەم لەم میللەتە كراوە و ئەم میللەتە چ قوربانییەكی داوە بۆ ئەم ئازادییەی كە بەدەست هاتووە.

 

ئەم تاوانانە هێندە مەزنن كە قەت و قەت لەبیر ناكرێن، بەڵام وەرە تۆ مەزنیی ئەم میللەتە ببینە، خەڵكی كوردستان، ئەو رۆژەی كە خوا دەسەڵاتی دایە ئەوان، نەچوون بەرەو تۆڵەكردنەوە، بە تایبەتی كاتی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، دوو فەیلەقی سوپای عێراق كەوتنە دەستی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە و جەماوەر، یەك سەربازی عێراقیش نەكوژرا و سووكایەتی پێ نەكرا. هەر ئەو سەربازانە بوون كە ٤٥٠٠ گوندی ئێمەیان تەخت كرد، ئەوانە بوون كە ئەنفالیان كرد، ئەوانە بوون كە ئەو هەموو تاوانەیان كرد، بەڵام تاوانباری مەزن ئەوانە بوون كە بڕیاری ئەو تاوانانەیان دا.

 

ئەمڕۆش كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، راستە ئێمە ئازیزی مەزنمان لەدەست دا، خۆشەویستی زۆرمان لەدەست دا، بەڵام ئەوان بە سەربڵندی چوونە پێش خودای خۆیان، بە سەربڵندی چوون و گەیشتنە مەرتەبەی شەهادەت، بەڵام ئەوانەی ئەو تاوانەیان كرد، بە ڕووڕەشی و شەرمەزاری و سەرشۆڕی چوون.

 

قەت من خۆم تەخمینم نەدەكرد كە رۆژێك لە رۆژان خودا فورسەتێكی وا بدات كە تۆڵە نەكرێتەوە، بەڵام كە گەلی كوردستان ئەو وانەیەیان نیشانی من و نیشانی هەموو دونیا دا، بەداخەوە قیمەت و قەدری ئەو هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هێشتا نەزاندراوە. باسی ئاشتەوایی و موساڵەحەی نیشتمانی لەم وڵاتە و لە هی دی دەكەن، ئەوەی كە لە كوردستان بوو لە هیچ وڵاتێكی دونیا نەبووە، لە كام وڵاتی دونیادا حكوومەتی ئەو وڵاتە میللەتی خۆی كیمیاباران كردووە لە غەیری كوردستان؟ خەڵكی كوردستان كیمیاباران كران، رەنگە دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت لە بواری سەربازی بەكاریان هێنا بێت، بەڵام میللەتی خۆیان كیمیاباران نەكردووە، بەس لە كوردستان وەك ئێمە ئەو وێنانەمان بینی، منداڵی شیرەخۆر، دایكی دووگیان شەهید كراون چ بە كیمیاباران و چ بە گوللە، شوێنی گوللە ئێستاش دیار بوو لە سەری ئەواندا. چۆن ئەو تاوانانە لەبیر دەكرێن؟

گرنگ ئەوەیە كە ئەم تاوانانە لەبیر نەكرێن، بەڵام نەوەی داهاتووش بزانن چی بەسەری باب و باپیری ئەوان هاتووە و بزانن ئەو ئازادییەی هاتووەتە دەست بە چ قیمەتێك هاتووەتە دەست، منەتی كەس نییە و كەس خێری بە ئێمە نەكردوە.

ئەوەی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە جارێكی تر ئەم تاوانانە دووبارە نەبنەوە، دەبێ ئەو گەرەنتییە هەبێت كە جارێكی تر ئەم تاوانانە نە لە كوردستان و نە لە هیچ جێیەكی دی دووبارە نەبنەوە، خەڵكی بێگوناح چۆن دەبێ بەم شێوەیە و بە خوێنێكی سارد شەهید بكرێن وەك ئەوەی هیچ نەبن؟

ئەمە راستییەكی نیشان دا، كاتێك میللەتێك ئیرادەی هەبێت و خۆڕاگر بێت، سەركەوتن هەر بەشی ئەو میللەتە دەبێت، هیچ جارێكیش نەبووە لە مێژوودا دیكتاتۆر سەركەوتبن، هەموو جار دیكتاتۆر سەرشۆڕ بووە و تیاچووە. وەك ئەوەی من بزانم، ژمارەیەك تاقانەی ئەنفال لەگەڵ ئێمە لێرەن لەم هۆڵەدا، من بەخێرهاتنێكی گەرمی ئەوان دەكەم. وشەی تاقانە خۆش نییە، ئێوە تاقانە نین، ئێوە سیمبوولی بەرخۆدان و شەرەفی ئەم میللەتەن، ئێوە ئازیزی هەموو ماڵێكی كورد و كوردستانن، ئێوە خۆشەویستی هەموو خاوەن ویژدانێكن لە سەرتاسەری جیهان، هەموو كەس كەسی ئێوەیە و ئێوەش كەسی ئێمە هەموومانن. من دەزانم و زۆر باش هەست بەوە دەكەم كە ئێوە چ ئێش و ئازارێكتان كێشاوە، ئێوە چ زەحمەتییەكتان كێشاوە، دایكانی ئێوە چەند زەحمەتی بە ئێوە كێشاوە، بەڵام ئەمانە هەمووی جێی سەربڵندییە بۆ ئێوە و بۆ ئێمەش، ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ لەسەر حكوومەتی هەرێم و لەسەر حكوومەتی فیدرال، قەرەبووی ئەم خەڵكە بكرێتەوە، قەرەبوو نەك بەو مانایەی كە خوێنی ئەوان تۆڵەی دەكرێتەوە یان مافیان پێ دەدرێت، هیچ سەروەت و سامانێكی دونیا بەهای ئەو خوێنەی نییە كە رژێندراوە، بەڵام شتێكی مەعنەوییە، شتێكی رەمزییە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێی خۆی بگرێت، نابێت ئەو تاوانانە ئەوها بە سادەیی بچێت و كەس هیچ حیسابێكی بۆ نەكات. تاوانی زۆر مەزن كراوە و قەرەبووكردنەوەی ئەو خەڵكە ئەركی حكوومەتی فیدرالییە، چونكە ئەو میراتگری ئەو حكوومەتەیە كە ئەم تاوانانەی كردووە و واجبی ئەوە و نابێ خۆی لەم مەسەلەیە لابدات، واجبی حكوومەتی هەرێمیشە كە بەردەوام لەسەر ئەمە داكۆكی بكات.

ئەوەی دی زۆر گرنگە كە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسێندرێت، ئێمە سوپاسی پەرلەمانی فیدرالی دەكەین كە لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەو بڕیارەی دا، بەڵام لە لایەن حكوومەتەوە هیچ كاری پێ نەكرا. سوپاسی پەرلەمانی سویدیش دەكەین كە لە ساڵی ٢٠١٢، پەرلەمانی بەریتانیاش لە ساڵی ٢٠١٣ كە وەك جینۆساید ناسێندرا. ئێمە تكا لە پەرلەمانەكانی دیكەش دەكەین هی ئەورووپی و دەرەوە لە دونیا هەمووی، ئەوەی كە لێكۆڵینەوەیان كردووە و باسیان كردووە، ئەوانیش ئەم بڕیارە بدەن و بە جینۆساید بناسێندرێت و ئەم بابەتە ئەركێكی زۆر پیرۆزە هەم لەسەر شانی حكوومەتی هەرێم، هەم حكوومەتی فیدرالیش دەبێت لەمەدا هاریكار بێت.

لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی ١٣٢ ئەوە فەرز كراوە لەسەر حكوومەت كە پێویستە قەرەبووی ئەم خەڵكە بكرێتەوە، من هیوادارم لە دوای هەڵبژاردن كە بۆ عێراق لەپێشە، ئیتر دۆخێكی سەلامەتتر و تەندروستتر بێتە پێش، دۆخێك بێتە پێش كە ئەو دەستوورەی هەیە ئەو حەكەم بێت لە نێوان هەر هاووڵاتییەك و حكوومەت، ئەگەر دەستوور حەكەم بێت ئێمە هیچ كێشەمان نابێت، ئەگەر مەزاجی كەسی بڕیاردەر بێت، رەنگە كێشەكان بەردەوام بن و رەنگە گەورەتریش بن، چونكە بەڕاستی جێی داخە هێشتا هەندێك ماون لەژێر كاریگەریی ئەو فەرهەنگەدایە كە ئەنفالی دروست كرد، ئەمە نابێ بمێنێت، ئەو فەرهەنگە نابێت لە عێراق بمێنێت.

من نامەوێت زۆر كاتی ئێوە بگرم، دەمەوێ سوپاسێكی بێپایان بۆ خەڵكی پارێزگای موسەننا (سەماوە) بكەم كە زۆر هاوكار بوون لەگەڵ تیمەكانی ئێمە بۆ دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە، خوا خێری ئەوان بنووسێت و ئێمە هیچ جارێك چاكەی ئەوان لەبیر ناكەین. لێرەدا دەمەوێ سوپاسی حكوومەتی هەرێم و هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بكەم بۆ ئەو هەوڵ و تەقەڵایەی داویانە و پێویستە زیاتریش بێت و بەردەوام بن. لێرەدا بە تایبەتی سوپاسێكی پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین دەكەم بۆ ئەو رۆڵەی دیویەتی چ لە ناساندنی تاوانی جینۆساید و چ لە دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و چ لە هێنانەوەی ڕووفاتی ئەوان. ئێمەش پەیمان بە هەموو ئازیزانی خۆمان دەدەین، هەتا دوایین نەفەس هەوڵ دەدەین یەك ئێسقانی شەهیدانی ئێمەش نەمێنێت بیهێنینەوە هەتا ئەوەندەی كە ئێمە پێمان بكرێت.

بەم بۆنەیەوە و بۆ رێزگرتن لە ڕۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین، ئێمە بە پێویستمان زانی كە مەدالیای بارزانی پێشكەش بكەین.

لە كۆتاییدا هەزار سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و جارێكی دیكە سوپاسی ئێوە هەموان دەكەم بۆ ئامادەبوونتان و بەخێربێن سەرچاوان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button