سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد،بەرگی سێیەم/ بەشی یەکەم بەم شێوەیە باسی ئەوەدەکات کە چۆن بووەتە پێشمەرگە؛

🔶سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد،بەرگی سێیەم/ بەشی یەکەم بەم شێوەیە باسی ئەوەدەکات کە چۆن بووەتە پێشمەرگە؛

لەو ماوەیەی كە باوکم لە بادینان خەریک بوو و دەستی گیرابوو، هەرگیز بۆی ڕێک نەکەوت لەگەڵ کوڕەکانی و ئەندامانی خێزانەکەیدا یەک بگرێتەوە.

ئەندامانی خێزانی ئێمە و هەموو شێخەکانی تر لە مێرگەسۆر بوون. بۆیە چی ئامۆژگاری و ڕێ پێشاندانێکی هەبووایە هەمووی بە عەلی شەعباندا بۆ دەناردین و، کاروباری وا ڕێک خستبووین کە ئیدریس جێنشینی بێ و، هەموو بەفەرمانی ئەو بجووڵێینەوە و، ڕای سپاردین کە من و ئیدریس هەمیشه لەناو خۆماندا کۆک بین و هاریکاری لەگەڵ یەکتردا بکەین و، بەگوێرەی ئەو ڕستەیەی ئەو بجووڵێینەوه کە بەدەمی خۆی فەرموو بووی و بەئێمەیان ڕاگەیاندبوو، ئەویش ئەوەبوو:
« دەبێ ئیدریس و مسعود گیانێک بن لە دوو جەستەدا » و، لەسەری پێویست کردبووین لەهەر چییەکدا پێویست بوو
پرس و ڕاوێژ بە شێخ بابۆی ماممان بکەین و، ئەگەر بەرژەوەندییەکیش پێویستی کرد، ئەو _ واتە شێخ بابۆ _ بگەڕێتەوە بۆ شێخ ئەحمەد و پرس بەو بکا.

شێخ بابۆی ماممان پیاوی ئاین بوو، پیاوی دنیا نەبوو. بەدرێژاییی تەمەنی دەستی نەخستە کاروباری دنیا و سیاسەت، لە ڕێگەی عەلی شەعبانەوه داوام لە باوکم کرد ڕێگەم بدا بکەومه پاڵی، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو.
من لەو كاتەدا ١٥ ساڵان بووم. ئەو لەسەر ئەوە سوور بوو کە لەگەڵ ئیدریس بم، منیش بەفەرمانیم کرد. بارەکە بەو جۆرە مایەوە تا باوکم هات بۆ گەلیی نەهلە، ئەو كاتە تكاكەم لێ دووبارە کردەوە کە بچم بکەومە پاڵی و نامەیەکم بۆ نووسی و ئارەزووی زۆری خۆمم تێدا دەربڕی کە لەگەڵی بم.

وەڵامی ئەوە بوو پاش ئەوەی ئیدریسی برام رازی بێ ڕێگەم دەدا، بەمەرجێ مامم شێخ بابۆ و مستەفا عەبدوڵڵا ڕازی بن، پاشانیش بڕیاری یەکجاریی دایە دەستی شێخ ئەحمەد.
زۆرم بەئیدریس وت تا ڕازیم کرد، ئیدریس لەگەڵ شێخ بابۆ چوون بۆ لای شێخ ئەحمەد تا ئیزن و ڕوخسەتم بۆ لێ وەربگرن. لەو ماوەیەدا کە ئەوان لە ماڵ نەبوون و چووبوون بۆ لای شێخ ئەحمەد کە دوو ڕۆژی خایاند، من هەمیشە دڵم لەناو پەراسووەکانمدا زیاد لێی دەدا و تەپەتەپی بوو. دڵە کوتەم پێ کەوتبوو، دەترسام شێخ ئەحمەد ڕازی نەبێ و ڕێگەم نەدا، چونکە نەمدەزانی گەر ڕێگەم نەدا و بڵێ: نهء، من چی لە خۆم بکەم، وام دەزانی ئەوە ئیتر کۆتایی هەموو شتێکه بوم، بەڵام خواستی خوا بەدەنگمەوە هات و ئاواتەکەی بۆ هێنامە دی و مامم و ئیدریس ڕێیان دام بڕۆم.

ئیدریس نامەیەکی بۆ باوکم نووسی تیایدا باسی کرد کەوا هەموو ڕازی بوون بەوەی بکەومە پاڵی و، داوای لێ کرد هەموو زانیارییەکی پێویستی لەبارەی ئەوەوەبداتێ کە کەی و کوێی پێ باشە بمنێرێ بۆ ئەوێ. بارزانیش عوزێر دۆڵۆمەریی نارد بۆ ناوچەیەکی دیاری لە نێوان ناوچەی ڕێزان و ئالکە کە لەو شوێنەدا پردێ بەسەر زێوە هەیە، ئیتر ئەو لەوێوە بمبا بۆ لای، لەگەڵ محەمەد مستەفادا کە یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی خۆمان لە زێ پەڕیمەوە ئەوبەر، هەر کە چاوم بەعوزێر و کۆمەڵێ پێشمەرگە کەوت کە هەموو ناسیاوی خۆم بوون شادمانییەکی زۆری وا دایگرتم بۆم باس ناکرێ، هەستم کرد کەوا بووم بەخاوەنی هەموو دنیا و ئامادەم لەگەڵ بادا بکەومە پێشبڕکە بۆ ئەوەی بگەمە لای ئەوان.

شەوی ۱۹ _ ۲۰ ی ئایاری ۱۹٦۲ مان هەمووی بەڕێگەبڕینەوە بردە سەر. بۆ سبەینێی ڕۆژی دوایی کەوتینە سەرکەوتن بەچیای پیرسدا تا گەیشتینە لووتکەکەی سەری، بۆ عەسری ئەو ڕۆژە گەیشتینە کانیا تۆزی واتە کانی چنار لە گەلیی بێخمە. لە ڕێگەدا تووشی چەندین کۆمەڵ و دەستە پێشمەرگە دەبووین ڕوویان گەش و پڕ بوو لە مژدە و خۆشی و باوەر بەخۆکردن. دیمەنێکی زۆر جوانی بە سام بوو لەوەپێش شتی وام نەدیبوو، کە بەلایاندا تێپەڕدەبووم سەرەڕای باوەڕ و هیوا، شانازیش دڵ و دەروونی هەموو دەگرتمەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button