گەورەترین پڕۆژەی ریسایکلینی کاغەز لە هەولێر دروست دەکرێت

گەورەترین پڕۆژەی ریسایکلینی کاغەز لە هەولێر دروست دەکرێت

ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان رایگەیاند، کۆمپانیایەکی تورکی لەرێگەی كونسوڵگەی تورکیا ھاتوون و پڕۆژەیەکیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی کارگەیەکی ریسایکلینی کاغەز لە ھەرێمی کوردستان لەپارێزگای ھەولێر دامەزرێنن.

لەبارەی رێكارەكانی دامەزراندی كارگەكەوە، بەرگەشت ئاكرەیی ڕاشیگەیاند، ئێستا رێکارەکانی دامەزراندنی كارگەكە لەقۆناغی کۆتاییدایە ولەماوەیەکی نزیکدا مۆڵەتی پێ دەدرێت و دەست بە دامەزراندنی دەکرێت.

بە گوتەی بەرگەشت ئاكرەیی، کاری ئەو کارگەیە بریتی دەبێت لەوەی كە ھەموو ئەو کاغەزانەی فرێدەدرێن جارێکی تر بەکار دەھێندرێنەوە، کە ئەمەیش سوودێکی باشی دەبێت بۆ ژینگە و ھەلی کاری زۆر باش بۆ خەڵک دەرەخسێنێت و ئەو کاغەزانەی فرێ دەدرێن جارێکی تر بۆ کاری پێویست ئامادە دەکرێن و پاكێجینگ دەكرێن.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەیشی دا كارئاسانی بۆ كارگەكە دەكرێت، چونكە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ئەوپڕۆژانەی دۆستی ژینگەن ئاسانکاریان بۆ بکرێت و ئێستا کاری باشی بۆ کراوە بۆ ئەوەی دەست بەدامەزراندنی بکرێت و پڕۆژەکەیش پەسەند کراوە.

بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی ، ئەمە گەورەترین کارگەی لەوجۆرە دەبێت لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق ، کە لەقۆناغی یەکەم پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە و دواتریش بۆ عێراق وڵاتانی تر بەرهەمەكانی ھەناردە دەکرێت ، بۆیە ئەو کارگەیە کاری پاکێجینگیش دەکات ولەسەر خواستی کۆمپانیا وخەڵک کارتۆن وکاغەزیان بۆ ئامادە و دروست دەكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button