عێراق هێنانى کرێکارانی پێنج وڵات ڕادەگرێت

عێراق هێنانى کرێکارانی پێنج وڵات ڕادەگرێت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكوومهتى فیدراڵ، ئهمڕۆ (سێشەممە 29ى 4ى 2025) بڕیاری قەدەغەکردنی دامەزراندنی کرێکارانی پێنج وڵاتی بەشێوەیەکی کاتی، ڕاگەیاند.
حەسەن خوام، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگهیاندراوێكدا، دهڵێت: «بڕیارەکە کرێکارانی وڵاتانی سووریا، ئەندەنوسیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین لەخۆ دەگرێت».
ئاماژەی بەوەش کرد، “بڕیارەکە پێویستی بە ڕێگریکردنە لە هاتنی کرێکارانی ئەو وڵاتانە بۆ ناو خاکی عێراق لە ئێستادا، لە کاتێکدا وەزارەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەرجی سەپاندنی دامەزراندنی (٨٠) لەسەدی کرێکارانی نیشتمانی لە بەرامبەر (٢٠) لەسەدی کرێکارانی بیانی بەسەر وەبەرهێنەران و خاوەنکاران دیاریک ردووە بۆ پڕۆژەکانیان، ئهمه جگە لە پشتبهستن به پلاتفۆرمی (پیشە)ی سەر بە وەزارەت بۆ دابینکردنی کرێکاری ناوخۆیی بە مەبەستی دامەزراندنیان لەو پڕۆژانەدا”.
وتهبێژى وهزارهتهكه ڕوونیشی کردەوە، “ئەو کرێکارە بیانییە شەرعیانەی کە لە وەزارەتی کار تۆمارکراون لە 45 هەزار كهس تێناپەڕن. سەبارەت بەو کرێکارانەی کە بە نایاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەوە، هیچ ئامارێکی دروست لەو بارەیەوە نییە و هەموو ئەو ئامارانەی لە میدیاکاندا ئاماژەیان پێکراوە، تەنیا پێشبینییە”.