دەیان هەزار کەس سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی

بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی ئاشكرای دەكات، رەزامەندیی قۆناغی سێیەمی زەوی بۆ فەرمانبەران و هێزەكانی ناوخۆ و خانەنشینان گەڕاوەتەوە و دەست بە رێكارەكانی پێدانی زەوییەكانیش كراوە.

سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕایگەیاند: “دوای ئه‌وه‌ی نووسراوی لیستی ناوی نزیكەی 55 هەزار فەرمانبەر و كارمەندی ناوخۆ و خانەنشینان بۆ تەرخانكردنی زەوی گەڕایەوە وەزارتەمان، دەستمان بە رێكارەكان كردووە، بۆ ناردنی ناوەكان و پێدانی زەوییەكان.”

ئاماژەی بەوەش دا: “رەزامەندییەكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان رەوانە دەكەین و ئەو پڕۆسەیەشمان بەر لە جەژنی رەمەزان دەست پێ كردووە و بەردەوام دەبێت.”

سەربەست مەولوود، ئاشكراشی كرد: “لە شارەوانییەكان وردبینیی سوودمەندبوونیان بۆ دەكرێت و بەپێی بوونی زەوی تیروپشكیان بۆ دەكرێت.”

هەر فەرمانبەرێك، كە ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی شارەوانی ئەوەشی راگەیاند: “لە قۆناغی سێیەمدا ناوی زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەر و كارمەندی ناوخۆ هەیە، لەگەڵ چەند وەزارەتێكی جیاواز، هەروەها بۆ یەكەمینجار ناوی هەزاران خانەنشینی شارستانی و سەربازییش لە فەرمانی تەرخانكردنی زەویدا هەیە.”

بەرپرسەكەی شارەوانی گوتیشی: “لە بەشی ئەمجارەدا بەشێکی ناوی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگە و وەزارتانەش هەیە، کە لە بەشی یەکەم و دووەمدا ناویان نەبووە.”

جەختی كردەوە، لە دوو قۆناغی پێشوودا 260 هەزار فەرمانبەر رەزامەندیی تەرخانكردنی زەوییان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ دەرچووە.

ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button