سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی بوو لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەکان و کولتووری پێكەوەژیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.
هەمیشە ئەو چاوەڕوانیە لە زانایانی ئایینی و مامۆستا بەڕێزەکان هەیە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە بەهێزکردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها مرۆڤییەکان و تەبایی و پێکەوەژیان و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر بگێڕن.

لەم بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

مسعود بارزانی
21ـی ئەیلوولی 2024