مەلا بەختیار: کوڕانی مام جەلال بە کودەتا هاتوونەتە سەر دەسەڵات

بەشێك لە قسەكانی مەلا بەختیار تێکۆشەری دێرینی یەکێتی لە بەرامبەر هێرشەكەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی بۆ سەر دەزگا و بارەگاكانی سەر بە مەلا بەختیار:

کوڕانی مام جەلال بە کودەتا هاتوونەتە سەر دەسەڵات، بێدەنگ نابم لەو تاوانە، سەدان کەسم لەگەڵە و یەکێتی بە هێزی چەکداری بەڕێوەناجێت

🔶بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نابم و تەنها نیم و سەدان کەسم لەگەڵە.

🔶پێشتر باسی ئەوەم کردبوو یەکێتی بە هێزی چەکدار ناچێت بەڕێوە.

🔶کوڕەکانی مام جەلال گوێ نادەنە هیچ بەهایەک.

‌🔶پێشتر باسی ئەوەم کردبوو یەکێتی لە لێوارێکی ترسناکدایە.

🔶بیستومە بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە بچێتە سەر ماڵەکەم لە خانەقین.

🔶ئەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە ئێمە دەیكەن مام جەلال لە گۆڕەكەی ڕادەچڵەكێنێ.

🔶هەرچی ئەرز و دەباشان و دەوروبەری دەباشان و بەكرەجۆ و جێگەی مەسڵەحە و هەرچی شوێنی بازرگانی هەیە داگیریان كردووە، كەس نازانێ ئەم هەموو داهاتە بۆ كوێ دەڕوات؟ بە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی دەڤەری سلێمانییە بۆ كوێ دەڕوا؟

🔶گوێ نادەنە ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی خەڵك كە لەسەریان هەیە، بەردەوام دەبن لەم شەرمەزارییە، لە باتی ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە و كادیرە نانبڕاوەكان ئاشت بكەنەوە و هەزاران تێكۆشەر ئاشت بكەنەوە.

🔶هەر راپرسییەك دەكرێ یەكێتی ناتوانێ لە نەوەی نوێش بباتەوە. هەموو راپرسییەكان دەڵێن لیستی یەكێتی لە خوار پارتی و هەندێك لە لیستەكانی ترەوەیە. سێ راپرسیم خوێندۆتەوە ئەنجامەكەی مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ یەكێتی و مێژووی یەكێتی.

🔶یەكێتی هەر تاوانێك ئەنجام بدات، ئێمە بە هەڵوێستێكی شەرەفمەندانە و بە ئارامی وەڵام دەدەینەوە، بەرنامەی ئەڵتەرناتیڤی خۆمان دەخەینە ڕوو، ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راستەقینەین، چونكە گەندەڵ نین، كۆمپانیامان نییە، ئەرزەمان داگیر نەكردووە.

🔶بۆیە ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاراستەی گۆڕانكارین، مینبەری فرەمینبەرین، شكۆی یەكێتی هی ئێوە نییە هی ئێمەیە، مێژووی یەكێتی هی ئێمەیە هی ئێوە نییە. یەكێتی هەرچی كارەساتی بەسەر هاتووە ئێمە هەڵمانستاندۆتەوە ئێوە هەر لە وڵاتیش نەبوون، هەرزەكارێك بوون لە ئەورووپا، ئەگەر كوڕی مام جەلال نەبوونایە ئێوە چۆن ئەو هەموو پۆستەتان دەست دەكەوێ؟