له پێنجهمین پێشانگا و كۆنفڕانسی هایتێكس، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان گوتارێكی گرنگی پێشكهش كرد و له گوتارهكهیدا ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەپێناو بەرزكردنەوە و خێراتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەگرتن لە بیرۆكراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە بووە.
سهرۆكی حكومهت، ئهوهشی خسته ڕوو، هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە، لەم ڕوانگەیەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستەمی بانكی كرد.
ئهمهش دهقی وتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن و خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزم لەم پێشانگایەدا كە نوێنەرانی كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بوارە جیاجیاكانی تەكنەلۆژیا و بانكی و گەیاندن و زانیاریی تێیدا بەشدار بوون.
هیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەكنەلۆژیا.
بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەپێناو بەرزكردنەوە و خێراتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەگرتن لە بیرۆكراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە بووە.
فەرمانگەی تەنكەلۆجیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە فەرمانگە چالاك و پێشەنگەكانی حكوومەت كە كار بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێز و پێشكەوتووی دیجیتاڵی دەكات و لە ماوەی رابردوودا ستراتیژی وەچەرخانی دیجیتاڵیی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند بە ئامانجی هێنانەكایەی حكوومەتێكی سەردەمییانەی دیجیتاڵی كە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان بەرفراوانتر و خێراتر بكات، بە جۆرێك كە هاووڵاتیان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاوە.
یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنفرانسی هایتێكس، حكومڕانی و پەرەپێدانی كەرتەكانی تەكنەلۆجیای دارایی و بانكییە، بۆیە بە پێویستی دەزانم باس لە بەرنامەكانی حكوومەت لە بواری چاكسازیی بانكی بكەم.
هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە، لەم ڕوانگەیەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستەمی بانكی كرد، لەپێناو بنیادنانی ژێرخان و بنەمایەكی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز كە بتوانین هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم هەنگاو بنێین.
ئێستا دەتوانم بڵێم كە ئێمە لەسەر ڕێگەیەكی راستی گۆڕانكاری و چاكسازین لە ڕووی تەكنەلۆجیا و بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانكییەكان كە زیاتر هانی بازرگانان و وەبەرهێنان لە ناوچەكە و سەرانسەری جیهان دەدات، بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری جۆراوجۆردا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیتان لە پرۆژەی هەژماری من دەكەم كە نموونەیەكە بۆ دەستپێكی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەستپێكی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانكەكان و سیستەمی بانكی. وەك پێشتریش رامانگەیاندووە، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە كە لە ماوەی ساڵێكدا یەك ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمی بانكیدا تۆمار بكرێن كە ئەمەش پێشكەوتنێكی گەورەیە، چونكە كارێكی ئاسایی و ئاسان نییە كە لەو ماوە كورتەدا ئێمە بتوانین ئەو هەموو ژمارە خەڵكە و ئەو هەموو هاووڵاتییانە بخرێنە ناو سیستەمی بانكییەوە. هەرچەندە پێشتر پێیان دەگوتم كە ئەمە لەوانەیە مومكین نەبێت و ئەستەمە كارێكی وا لەم ماوەیەدا ئەنجام بدرێت. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە زۆر نزیكین لە گەیشتن بە ئامانجەكان. ئێستا سیستەمی بانكیی ئێمە لە جاران بەهێزتر و كاراترە، بە ڕێژەیەكی باش گەشەی كردووە، چیتر هەزاران فەرمانبەری حكوومەت پێویست ناكات بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان چەندین كاتژمێر سەرە بگرن، رێكارەكانی جووڵەی دراویش متمانەپێكراوتر و خێراترە و دەتواندرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت. تا ئێستا ٢٠٠ ئامێری (ATM) لە سەرانسەری هەرێم دانراون، كە لە ئەنجامدا تا هەزار ئامێری (ATM) لە بەرنامەكەدایە كە لە سەرانسەری شارەكانی كوردستان دابنرێن.
تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن كارمەندی كەرتی گشتیی كوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانكی، خزمەتگوزاریی بانكی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا پێنج هێندە گەشەی كردووە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، كە دەڵێم پێنج هێندە گەشەی كردووە، لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 120 هەزار كارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس زیاد دەكات و نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانكییەكان، ئەمەش تەنها رۆژێكی دەوێت بۆ بانكەكانی كەرتی تایبەت كە ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن، لە كاتێكدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی هەزاران ژمێریان ئەنجام دراوە و هەفتەیەكی خایاندووە.
زیادبوونی نەختینە و هەبوونی سیولە متمانەی زیاتر بە بانكە تایبەتەكان و بازرگانییەكان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن قەرز بە هاوبەشەكانیان بدەن، چ وەك تاك و چ وەك كۆمپانیا. هەرچەندە سیستەمی بانكی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی پرۆسەی چاكسازیمان، بەڵام ئێمە هەر بەوە نەوەستاین، بەڵكوو ئێستا هاووڵاتییان بەشێكی زۆری كارەكانی پەیوەندیكردنیان لەگەڵ حكوومەتدا بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدات، ئەمەش خێرایی و كارایی بۆ هەموان زۆر زیاد دەكات و ئێمە ناوەندێكی داتا و زانیاریمان دروست كردووە كە بەپێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەكانە، هەروەها ئێستا تۆماركردنی كۆمپانیا و بزنسەكان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە.
لە ساڵی داهاتوودا چەندین دەستپێشخەریی دیكە رادەگەیەنین كە وەچەرخانێك دەبێت لە كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان، بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی كە لە ماوەی ئەم كابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتواندرێت چەندین خزمەتگوزاریی گشتی رایی بكرێت، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاتر دەبێت.
بەڕێزان هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بەرەو بە دیجیتاڵكردنی كاروباری حكوومەت ناوە، لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیش، گۆڕانكارییەكی جۆری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاووڵاتیانمان بە شێوەیەكی خێرا و پێشكەوتوو دێتە ئاراوە.
ئەمڕۆ شۆڕشی تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد، وەچەرخانێكی گەورەیە لە ژیانی ئێمەدا، لە هەموو بوارەكاندا، چ لە گەیاندن و پەیوەندیكردن بێت، یان خوێندن و فێركردن و تەندروستی و بازرگانی، بێگومان كاروانی گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان بەردەوام و خێران، پێویستە كار بكەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوودی لێوەربگرین، خۆمان بۆ ئاڵنگاری و ئەو كێشە و گرفتانەش ئامادە بكەین كە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، چونكە راستە تەكنەلۆژیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر و چێژبەخشتر كردووە، بەڵام پێویستە بە وریایی و بەرپرسیاریەتییەوە لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەكاری بێنین.
بەڕێزان، ئەم بەیانییە كە سەردانی ئەم پێشانگایەم كرد، بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆژیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە.
لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكوو لە ناوچەكەش سوودی لێدەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی تریش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی كە ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی راستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە رێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە رووی جیهاندا.
جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم، سوپاسی ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو ئەو كۆمپانیایانەش دەكەم كە بەشدار بوون لەم پێشانگایە.
جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، هەمیشە سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.