قایمقامی عەنكاوە ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ستێرلینگ هایتس لە ویلایەتی میشیگنی ئەمەریكی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەنكاوە ببنە دەستەخوشك.
رامی نووری قایمقامی عەنكاوە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن دامەزراوەی ڕەوەندی كلدانی لە ئەمەریكا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێشكەش كرا، پێكەوە كاریان لەسەر كردووە و ڕەزامەندی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێریان وەرگرتووە.
قایمقامی عەنكاوە روونی كردەوە، لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن و ئیدارەی شارە ئەمەریكییەكە بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوەی هەفتانەیان هەبووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە و هەموو ئەو خاڵە پێویستانەی هەبوون، هەردوولا ڕوونیان كردووەتەوە و تێگەیشتنی هاوبەش لەبارەیەوە دروست بووە.
لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامەكە، قایمقامی عەنكاوە دەڵێت، چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، لەوانە ناردنی فەرمانبەرانی حكوومەت بۆ ڕاهێنان لە ئەمەریكا لەبارەی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەت بەشێوەیەكی مۆدێرن، هەروەها لە بڕگەی دووەمی ڕێككەوتننامەكە باس لە ناردنی گەنجانی عەنكاوە دەكات بۆ ئەمەریكا بۆ ئەوەی ئاشنایی لەگەڵ فەرهەنگ و شێوازی ژیانی ئەو وڵاتە پەیدا بكەن و لە ڕووی سەركردایەتی و كاری پێكەوەییەوە ئامادە بكرێن بۆ داهاتوو.
هەروەها لە ڕووی ئاڵوگۆڕی كولتووریی و ڕۆشنبیریی هەردوولا پێوەندییەكانیان بەهێز دەكەن و سەردان و بەشداری لە چالاكییەكانی یەكتر دەكەن بۆ دروستكردنی ئاشنایەتی لەبارەی مێژووی ناوچەكە و ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە ئەنجوومەنی شارەكە سەرسامی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.