کۆمیسیۆن کارتەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نموونەکانی کارتی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد.

29ـی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نموونە سەرەتاییەکانی کارتی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چوار نموونەی بۆ دەنگدانی گشتی لە بازنەکانی هەڵبژاردنی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و نموونەیەک بۆ دەنگدانی تایبەت پەسەند کردووە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوو ملیۆن و 888 هەزار و 162 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و کارتی بایۆمتەری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

هاوکات هەزار و 427 بنکە و حەوت هەزار و 47 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پێشتریش جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، دوو ملیۆن و 672 هەزار و 43 کەس لە دەنگدانی گشتی و 239 هەزار و 37 کەسیش لە دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ دەدەن.

لە پارێزگای هەولێر، ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە یەک ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر کە 928 هەزار و 823 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 82 هەزار و 525 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت لە خۆدەگرێت.

ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی، بریتییە لە ملیۆنێک و 146 هەزار و 530 دەنگدەر و یەک ملیۆن و سێ هەزار و 772 دەنگدەر لەدەنگدانی گشتی بۆیان هەیە دەنگ بدەن و 74 هەزار و 915 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت .

هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە 738 هەزار و 193 دەنگدەر کە 680 هەزار و 443 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 55 هەزار و 100 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆی گشتی دەنگدەران لە پارێزگای هەڵەبجە، بریتییە لە 62 هەزار و 584 دەنگدەر کە 59 هەزار و پێنج کەس مافی ئەوەیان هەیە لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن و 579 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 26ی حوزەیرانی 2024، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.