رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛
سەرگرتنی بڕیاری بەندکردنی مامۆستای زانکۆی سلێمانی دەبێتە پێشهاتێکی مەترسیدار لەبەردەم ئازادییەکانی دەربڕین
بەتاوانی دانانی پرسیاری تاقیكردنەوەی ئیتیكی میدیا د.شوان ئادەم ئەیڤەس لە سلێمانی بە سێ مانگ بەندکردن سزادرا
رێکخراوی چمک داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی سەرۆکەکەی دەکات
رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ سەرکۆنەی سزادانی سەرۆکی رێکخراوەکەی د.شوان ئادەم ئەیڤەس دەکات کە لەلایەن دادگەی کەتنی دووی سلێمانی بە سێ مانگ بەندکردن و پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێی سزای دا.
لەوبارەوە تۆڕی_ئەکادیمیی_کوردیی لە بانگەوازێکییدا بۆ رایگشتیی بڵاویکردەوە کە رۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024) بە بڕیاری ژمارە 2534/ک/2021، دادگەی کەتنی دووی سلێمانی بە تاوانی دانانی «پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئیتیکی میدیا» بۆ قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەر د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پسپۆڕی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن-دا سەپاند.
هەروەک لە دەقی سزاکەدا هاتووە: بەپێی ماددە 433/آ لە یاسای سزادانی عێراق؛ ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای «حبسی سوک» بەسەر ئەو مامۆستایەی زانکۆدا سەپێنراوە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری ژیان و نەبوونی پێشینەی تاوانکاریی و بارودۆخی تاوانەکەی؛ دادگا دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە جارێکی تر لە داهاتوودا تاوان ئەنجامنادات، لەبەر ئەوە دادگا بڕیاری دا بە وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە دژی تۆمەتبارکراو بۆماوەی سێ ساڵ لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە، «بەو مەرجەی بەڵێن بدات کە لەو ماوەیەدا رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک بێت.»
ئێمە لە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) وەک تاقانە رێکخراوی ناحکوومیی قازانجنەویست بۆ چاودێریی و هەڵسەنگاندنی خەوش و کەمتەرخەمییەکانی میدیاوان و میدیای کوردیی بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری سزادانی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی_چمک و سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان و پسپۆڕی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکەین؛ داواکارین هەرچی زووە ئەم بڕیاری سزادانە لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە سەرگرتنی ئەم بڕیارە دەبێتە پێشهاتێکی مەترسیدار لەبەردەم ئازادییەکانی دەربڕین، رۆژنامەگەریی، وانەوتنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیی و کاری پیشەیی ئەکادیمییانی کوردستان.
هەربۆیە ئێمە ئەم سزایە بە سزایەکی تاکەکەسیی نازانین و پێمانوایە سزایەکی گشتییە بۆسەر ماف و ئازادییەکانی سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. لێرەوە بە دەنگی بەرز روو لە ئازادییخوازانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان دەکەین:
#نا_بۆ_بەرتەسککردنەوەی_ماف_و_ئازادییە_ئەکادیمیی
رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی
چ.م.ک
کوردستان