مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 48ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی بەشداربووی شۆڕشەکە دەکات.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: شۆڕشی گوڵان هیوا و ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و پیلانگێڕیی دوژمنانی گەلی کوردستانی تێکشکاند.
هەروەها ئاماژەی داوە، شۆڕشی گوڵان چەندین دەستکەوتی مەزنی نیشتمانیی هەبووە، کە مەزنترینیان ڕاپەڕینی شکۆداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
دەقی پەیامەکە:
لە چل و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو پێشمەرگە و تیکۆشەرانی بەشداری شۆڕشەکە دەکەم.
شۆڕشی گوڵان کە درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، هیوا و ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و پیلانگێڕیی دوژمنانی گەلی کوردستانی تێکشکاند کە دەیانویست کۆتایی بە شۆڕش و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانی بهێنن، چونکە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و یەکڕیزیی و هاوهەڵوێستیی هێز و لایەنە کوردستانییەکان، بووە هۆی بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی مەزنی نیشتمانی کە مەزنترینیان ڕاپەڕینی شکۆداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
لە چل و هەشتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو خەباتکار و تێکۆشەرانی بەشداری ئەم شۆڕشە دەکەینەوە بە تایبەتی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی .
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان