ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی بەرامبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کرد و جەختی لە سەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم کردەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتیەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە، هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە هەوڵ دەدەین بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.
دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە حەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی شاندێکی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی تەشغیلی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبوونەوەکانی بەغدای تێدابوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە( میزان المراجعة)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.
سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا کە لە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکەش بەردەوامە.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بانکێکی حکومی فیدڕاڵیە.
سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم وپێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.
بڕگەی دووەم گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە لایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو و وردەکارییەکەی لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنەوە خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەم بارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت، ئەنجوومەن بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.
لە کۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی پوختی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی وەزارەتەکەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەکانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێمی کوردستان و برەودان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێریی لە هەرێمی کوردستان و سوود وەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەکانی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندی وەزارەتەکەی بۆ هەوڵ وماندووبونیان، جەختیکردەوە کە ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی بەنداو و ئاودێریی و داکۆکیکردن لە ماف وشایستەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وسوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە کشتوکاڵیانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستەبەر کراون.