سەرۆک مەسعود بارزانی : هێشتا دەنگ و ڕەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و شەش ساڵەی ئەنفال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

شاڵاوی ئەنفال یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق كە بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردن و قڕكردنی مرۆڤی كورد ئەنجام درا. لەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەدا كە لە چەند قۆناغ و بە شێوەیەكی ڕێكخراو سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، سەدوهەشتا هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. لەگەڵ ئەوەشدا كیمیابارانكردنی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند و پلانی بەعەرەبكردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و دیموگرافی و كۆمەڵایەتی و دەروونی كوردستان بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە بەشێوەیەكی ڕێكخستوو و ئامانجدار لەلایەن ڕژێمی عێراق بەرانبەر گەلەكەمان ئەنجام درا.

ڕاستە ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی تر تووشی شكست بوون و كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون. سەرباری ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلەكەمان كراوە بەداخەوە هێشتا دەنگ و ڕەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت. ئەركی سەرشانی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقە كە کار بۆ قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆساید و زوڵمە بكەن كە لەبەرانبەر گەلی كوردستاندا ئەنجام دراوە و پێویستە ڕێگە لە هەموو جۆرە هەوڵ و سیاسەتێكی شووم بگرن كە بە دیدێكی شۆڤینی و نكۆڵیكار سەیری مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پێزانینمان بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان هەیە و سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2024