وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنداروێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێکكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و، بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، “پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە. ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت”.
وەکو ئەوەی خراوەتەڕوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان؛ بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە. ”
ئاماژە بەوەش دراوە، “نەوتی هەرێمی کوردستان تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێکدەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان”.