هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی

هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی

لقی دووی پارتی لە راگەیەندراوێكدا لە هەژماری فەرمیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕایگەیاند: دەنگی نەشازی هەندێک کەس و لایەنمان دێتە بەر گوێ گوایە خەون بە گەڕاندنەوەی هەولێر بۆ سەردەمی حوکمی میلیشیایی و مافیاگەرایی و دزی و جەردەیی و سەرانەوەرگرتن دەبینن و بەعەقڵی بچووکی خۆیان پێیان وایە ئەو هەولێرەی لە سایەی پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم بووەتە ناوەندێکی بەهێزی سیاسی و ئابووری و سەربازی و فەرهەنگی و پێکەوەژیان، دەتوانن بیگەڕیننەوە سەردەمی تاریکی و چەتەگەرایی.

هەروەها تیایدا هاتووە كە دوای شاربەدەرکردنی ئەو سەرلێشێواوانە و ئازادکردنی هەولێر لە چنگی ئەو مافیا و چەتانە و گەڕانەوەی هێزی یاسا و شەرعیەت بۆ شارەکەمان و لەژێر چەتری دەوڵەتداری و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و بە ئیرادەی خەڵکە خۆڕاگرەکەی بووە پایتەختە درەوشاوەکەی هەمووان لە ناوچەکەدا و دروست لەو شوێنانەی ئەوان کردبوویانە گۆڕستانی خەڵک و لەو شوێنانەی بە زەبری چەک سەرانەیان لە هەولێریە سەربەرزەکان وەردەگرت و لەو جێگایانەی کە دەستدرێژییان دەکردە سەر ماڵ و ژیانی خەڵک، ئاوەدانی و گەشەسەندن و ئارامی و سەقامگیری بنیاتنراو ئەوانیش چوونە زبڵدانە ڕەشەکەی مێژووەوە، سەیرە تاکو ئێستاش خەونی نەزۆکی وێرانکردنەوەی هەولێر و گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی حوکمی رەشی خۆیان دەبینن.

لقی دوو ئەوەشی نووسیوە كە هەولێرییەکان دەپرسن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە کامە سەردەم؟ سەردەمی مافیاگەراییتان یان ئەو سەردەمەی خەڵکتان بە عەلاگەی رەشەوە تیرۆر دەکرد، سەردەمی ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و سەر و ماڵی خەڵک یان ئەو سەردەمەی خەڵکی ئازا و چاونەترسی ئەو شارەتان شەهید دەکرد و گۆڕبزرتان دەکردن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی سەرانە وەرگرتن لە خەڵک و حوکمی قەرەقوشتان یان مەبەستتانە وەک پارچەکانی تری نیشتیمانەکەمان بیکەنە کاڵا و بە دوژمنانی بفرۆشن؟ خەیاڵتان خاوە و دەبێ هەر بەو ئاواتەوە سەربنێنەوە و خەونە نەزۆکەکانیشتان وەک خەونی ئەوانەی پێشخۆتان دەبەنە قەبرەوە و ئەوەی ئاغا و گەورەکانتان پێیان نەکرا و پێیان وەرنەگیرا، بێگومان بن ئێوەی بچوک و ناکامڵیش پێتان ناکرێ و پێتان وەرناگیرێت، هەولێریش بەبەرچاوی شۆڕتانەوە ڕۆژ بەرۆژ لە سایەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەرەو بەرزی و بەرەو گەشەسەندن و سەرکەوتن هەنگاو دەنێت و ئێوەش بەو بچوکی و نابوتیەی پێیەوە ناسراون لە مێژوودا ناوتان تۆمار دەکرێ.