ئەوانە رایگشتییان چه‌واشه‌ ده‌كرد ئێستا وه‌ك نه‌عامه‌ سه‌ریان خستووه‌ته‌ ژێر لم و ده‌نگیان له‌ خۆیان بڕیوه

دڵشاد مه‌ولود گه‌ردی:ئەوانە رایگشتییان چه‌واشه‌ ده‌كرد و ده‌یانوت خه‌تای هه‌رێمه‌ نه‌وت راده‌ست ناكات، ئێستا وه‌ك نه‌عامه‌ سه‌ریان خستووه‌ته‌ ژێر لم و ده‌نگیان له‌ خۆیان بڕیوه

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ گروپێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیخواز و هه‌لپه‌رستی به‌ناو نوێنه‌ر و په‌رله‌مانتار دروست بوون، له‌ هه‌ر كوێ ده‌میان پێی ده‌گات و ده‌ستیان ده‌گاتێ دژی كیانی ده‌ستوری و یاسایی هه‌رێمی كوردستان قسه‌ ده‌كه‌ن و پیلان ده‌گێڕن.

ئه‌و تاقمه‌ نمه‌ك حه‌رامانه‌، هیچ كه‌ناڵێكی سه‌ر به‌ حه‌شد و جه‌یش و به‌ناو مقاوه‌مه‌ نه‌ماوه‌ لێیه‌وه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان قسه‌ نه‌كه‌ن و زانیاری چه‌واشه‌كراو و ناڕاست نه‌ده‌نه‌ رایگشتی عه‌ره‌بی و شیعی دژی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و تاقمه‌ له‌ كوردستانیش هه‌ر مینبه‌رێكیان بۆ هه‌ڵكه‌وتبێ لێیه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ و خه‌ڵكیان دژی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی و حكومه‌تی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان هانداوه‌.

له‌ سۆشیالمیدیاش به‌رده‌وام ئه‌و قه‌وانه‌یان لێده‌دا، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ولێر نه‌وت راده‌ست بكات بودجه‌ و موچه‌ دێت و دنیا ده‌بێته‌ شامی شه‌ریف.

ئه‌وان هه‌موو ئه‌و سته‌مه‌یان نه‌ده‌بینی كه‌ به‌غدا له‌ كوردستانی ده‌كرد و بۆ هه‌موو شتێك قیبله‌یان به‌غدا بوو، ده‌یانوت خه‌تای هه‌رێمه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم نیازپاكی خۆی پیشاندا، له‌ ده‌ستپێكی كابینه‌وه‌ رایگه‌یاند بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك ده‌كات و ته‌نیا گفتوگۆ ده‌كاته‌ بنه‌ما و ده‌یه‌وێت كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.

له‌ ده‌ستپێكی كابینه‌وه‌ تا ئێستا ده‌یان و سه‌دان جار شاندی سیاسی، وه‌زاری، ته‌كنیكی، چوونه‌ به‌غدا و له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌یان به‌ڵێنیان به‌ هه‌رێم دا، كه‌چی موچه‌ كه‌ ساده‌ترین مافی خه‌ڵكه‌ ناینێرن.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ كرێگیراوه‌ ناوخۆییه‌كان، كه‌ رایگشتییان چه‌واشه‌ ده‌كرد و ده‌یانوت خه‌تای هه‌رێمه‌ نه‌وت راده‌ست ناكات، ئێستا وه‌ك نه‌عامه‌ سه‌ریان خستووه‌ته‌ ژێر لم و ده‌نگیان له‌ خۆیان بڕیوه‌.

ئه‌رێ خێره‌ ئێوه‌ خۆتان ناكه‌نه‌ خاوه‌نی بانگه‌شه‌ و قسه‌ چه‌واشه‌كاره‌كانتان، فه‌رموون چیتر ماوه‌ هه‌رێم بیكات بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ و شایسته‌ی دارایی خه‌ڵك بنێردرێت، خێره‌ ئێوه‌ بێده‌نگن..

بۆچی خه‌ڵكتان چه‌واشه‌ كرد و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانتان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بینی ئێستا بۆتان ده‌ركه‌وت كێ مافی خه‌ڵك پێشێل ده‌كات و كێ ده‌یه‌وێت كێشه‌ چاره‌سه‌ر بێت..

ئه‌ی ئێوه‌ نه‌بوون هانی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانتان ده‌دا لافیته‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و له‌ به‌غدا بپاڕێنه‌وه‌ بۆ موچه‌، ئه‌ی ئێستا چی، فه‌رموون موچه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن، فه‌رموون داوا بكه‌ن به‌غدا ده‌ست له‌ قوڕگی خه‌ڵكی كوردستان نه‌نێت و موچه‌ بنێرێت.. مه‌گه‌ر به‌ یاسای بودجه‌ و به‌ ده‌ستور و به‌ یاسا فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانی هه‌رێمی كوردستان مافیان نیه‌، بۆچی به‌رگریان لێ ناكه‌ن..