سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ بازمیدیا:
ئێران بە ئەمریکا و ئیسرائیل ناوێرێت، بەڵام بە منداڵی کورد دەوێرن و لێیان دەدەن و شەهیدیان دەکەن
بە ئامانج گرتنی هەولێر پاڵنەرێکی سیاسییە وەک لە هەر شتێکی دیکە، دوور نییە بیانەوێ گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بکەن، بە جۆرێک وەزنی پارتی کەم بکەنەوە، چونکە بەراورد بە رکابەرە ناوخۆییەکان لەگەڵ ئەوانەشی عێراقین، ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی پارتی لە روانگەی ئاسایش و بەرەوپێشچوونەوە جیاوازی زۆری هەیە، پێدەچێت دۆستەکانی ئێران بێ هیوابووبن بتوانێت رکابەرێکی سەرکەوتووی پارتی بێت، ناچاربوون خۆیان راستەوخۆ تەداخول بکەن، بۆ راگرتنی ئەو باڵانسە.
دەکرێ هۆکارێکی دیکە ئەوە بێت شەڕی غەزە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە و ئەوانەی وەلائین و لە ئێرانەوە نزیکن ئێران، باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئێران بەرەی داکۆکیکردنە لە فەلەستین و خەڵکەکەی، ئێستا پرسیاریان بۆ دروست بووە، خەڵکی غەزە زۆرینەی کوژران و ئاوارەبوەن، ئەی ئێران ئەو هەموو چەکە ئەتۆمی و ساروخانەی بۆ کەی هەڵیگرتووە؟، ئێران بۆ شاردنەوەی نەوێران بە تەداخولکردنی لەشەڕکردن دژی ئیسرائیل دێ لە یەک دوو ماڵی مەزڵوم و بێتاوان دەدەن و مناڵی نۆ مانگ دەکەن بە ئامانج، بەیانێک دەردەکەن و دەڵێن ئێمە لەسەرچاوەکانی ئیسرائیلمان دا، ئەمە بۆ پەردە پۆشکردنی خۆدزینەوەیەتی لە شەڕەکەدا، ئەمە دوو پاڵنەری بنەڕەتین بۆ هێرشەکەی هێران بۆ سەر هەولێر.
تەقینەوەکەی ئێرانیش هۆکارێکی دیکەیە کە خەڵک گومانیان بۆ دروست بوو، ترسێک لە ئێران و لایەنگرانی حکومەتەکەیان دروست بوو، کە ئاسایشی ئێران خەریکە مەترسی تێ دەکەوێ، بۆیە ئەم هێرشەیان کردە سەر هەولێر بۆ ئەوەی ئەو رووداوە پەردە پۆش بکەن و بیری خەڵکەکەی خۆیان ببەنەوە.
ئێران ناتوانێ لە پێگەکانی ئەمریکا لەنێو بەغداش بدا کە زۆر لێی نزیکترە، ئێران رقێکی بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیە، وەک بەشێک لە هێزە عێراقی و کوردستانییەکان نەبووین بە میلیشیایەک بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجە تایبەتییەکانی ئێران، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە دۆستێک و کینانێکی ئاشتیخوازبێی لە ناوچەکە، لەگەڵ بنەمای دراوسێیەتی باش و پاراستنی بەرژەوەندییەکان بیت لەگەڵ وڵاتان، بەڵام خەڵکانێک وا دیارە تموحی دیکەیان لە پارتی هەبووە، چونکە پارتی نەبووە بە یاریزانێکی معادەلەی سیاسی ئەوان، بۆیە رق و کینەیەکیان دروستکتردووە، ئەمە رق رشتنە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی هەرێمی کوردستان هەیبووە، بێگومان بە ئەمریکا و ئیسرائیل ناوێرن، بەڵام بە منداڵ دەوێرن و لێئ دەدەن و شەهیدیان دەکەن.
ئەم بۆردوومانانەش بۆ نەبوونی سیادە و کەموکوڕییەکانی پاراستنی خاک و گەل و میللەتی عێراق لەلایە حکومەتی عێراقەوە دەگەڕێتەوە، ئەو منداڵەی شەهید بوو کوردە و، هاووڵاتییەکی عێراقی بەم شێوازە شەهید کراوە.