ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگاى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوە.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە توندى ئیدانەى ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژى ئیرهاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاوڵاتیانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و دەستوپێوەندەکانی، هەروەها حکومەتى فیدراڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتیان و سەروەرى عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژیانە بى هەڵوێست نەبێت.
لەکۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم هێرشە تاوانکارییە دەکەین و هیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیمەکراتی کوردستان
١٦ـی ١ـی ٢٠٢٤