مەسرور بارزانی: ئایا ئێمە دەوڵەتی فیدراڵین،یان بەغدا حكومەتێكی ناوەندییە

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2023 لە چوارچێوەی پانێلی سێیەمی، چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) گفتوگۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC دەستیپێكرد.
لەبەشێكی گفتوگۆكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بكەین. ئەو خەڵكەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆكتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەكەی زۆر روونە. خەڵكی سڤیل و بێ تاوان باجێكی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەركۆنەی شەڕەكە و هێرشكردنە سەر خەڵكی سڤیل دەكەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێكی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەك كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
هەروەها گوتی: ئەو ناكۆكی و گرژیانەی لە نێوان هەولێرو بەغدا هەیە ئەوەیە كە دەستوور رێزی لێ ناگیرێت ،چونكە هەرێمی كوردستان چەندین مافی لەدەستووردا هەیە بەڵام بەداخەوە پشتگوێخراون.
گوتیشی: پرسیارێكی سەرەكی ئەوەیە ئایا ئێمە دەوڵەتی فیدراڵین،یان بەغدا حكومەتێكی ناوەندییە،من پێم وایە ئەمە كێشە سەرەكییەكە.دەبێ لەدەوڵەتی فیدرالیزمدا هاوبەشی كردنی دەسەڵات هەبێ و پێویستە دابەشكردنی دەسەڵات رەنگ بداتەوە كە لەدەستووردا هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا،عەقلییەتێك لەبەغدا هەیە پێی وایە دەبێ هەموو شتێك لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت.