فاخیر هەریری بۆ (هەردی سەڵاح): بای ئەوەندەی تیابهێڵەوە سبەی لەناو یەکێتی دەرکرای رووی ئەوەت هەبێ بێیتە ناو پارتی

فاخیر هەریری بۆ (هەردی سەڵاح): بای ئەوەندەی تیابهێڵەوە سبەی لەناو یەکێتی دەرکرای رووی ئەوەت هەبێ بێیتە ناو پارتی

هەردی سڵاح گۆرانیبێژ و راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێ “پارە هەیە بۆ پرۆژەکانی خۆیان، لە زاخۆ و ئەو شوێنانەی خۆیان مەبەستیانە، بەڵام بۆ مووچەی خەڵک نییە”.

لەمبارەوە فاخیر هەریری، گۆرانیبێژ و هونەرموندی میللی بە (بازمیدیا)ـی رایگەیاند: رێزم بۆ کاک هەردی هەیە، دوراو دور برادەرە و یەک دوو جار ئیشی بە من هەبووە، یەک لەو جارانە لە ئەورووپا بووم و تەلەفونی بۆ کردم، چونکە لە شەقڵاوە دەیوسیت ئوتێل دروست بکات و رێگەی پێنەدەدرا، بەڵام من کار ئاسانیم بۆ کرد و رەزامەندیم بۆ وەرگرت، ئەو کاتە بۆ باسی مووچەی خەڵکی نەدەکرد؟ خێرە ئێستا چوەتە نێو یەکێتی و ئەو قسانە دەکات؟، کابرایەکی هونەرمەندە و نەدەبوو دژی کەس قسە بکات، بەڵام دیارە ئێستا بەرژەوەندی وا دەخوازێت ئەم قسانە بکات، ئەگەرنا جێگای نابێتەوە.

فاخیر هەریری زیاتر گوتیشی: هەردی بۆ جێ خۆشکردنی خۆی ئەو قسانە دەکات، بتەوێ یان نە ئێستا رووە هونەرییەکەی لەنێو خەڵکدا لەدەست داوە، کەوتە دوای پارە پەیداکردن، بۆیە بەو جۆرە مەدحی یەکێتی نەکات و زەمی پارتی نەکات، ئەوا ئەو نانە ناخوات، چونکە تەمەنی ئەم برادەرە هی ئەوە نییە بگات بە پلەی راوێژکاری مەکتەبی سیاسی، بەڵام پێویستە بەشی ئەوەشی تێدا بهێڵێتەوە کە سبەی رۆژ لەنێو یەکێتی دەرکرا، رووی ئەوەی هەبێت لە دەرگای پارتی بدات و جێگای بکرێتەوە، چونکە یەکێتی سەدان کادیری دڵسۆزی خۆی دەرکرد و بەشێکیشی تیرۆر کرد.

ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەکات: حکومەتی سلێمانی لە حکومەتی هەرێم جیاوازە، ئەگەر راست دەکەن و پیاون با رێگە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن دەستی خزمەت بەو ناوچانە بگەیەنێت، ئەگەر لە ماوەی دوو ساڵ سلێمانی نەبووژایەوە و وەک دوبەی لێ نەهات، ئەو کاتە حەقیانە قسە بکەن، بەڵام یەکێتی دەترسێت دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکان، چونکە رووی راستەقینەی بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت و خەڵکەکەی لێی دوردەکەونەوە، بۆیە یەکێتی رێگرە لەوەی حکومەتی هەرێم دەستی ئاوەدانی بە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، کەرکووک بگات، هەرگیز رێگەشی پێنادات ئاوەدان بکرێنەوە.