کۆبوونەوەی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردستانی لە ڤییەنا

کۆبوونەوەی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردستانی لە ڤییەنا

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢/١١/٢٠٢٣ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ڤییەنای وڵاتی نەمسا ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی پاراستنی زمان و کلتوری کوردستانی و بەهێزکردنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد، و داوای لە ئامادەبووان کرد کە یەکگرتووبن و بێنە ناو کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ پاراستنی زمان و شوناسی کوردستانیان و هێنانەدی ئامانجی نەتەوەییان.
لە بەشێک لە وتارەکەیدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی باسی لەوە کرد کە زمان کۆلەکەی مانەوەی گەلانە و گوتی: جەنابی سەرۆک بارزانی گرنگی بە بابەتی پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی نەوەکانی داهاتوومان دەدات و دەخوازێت زمانی کوردی بگات بە سەرجەم کوردستانیانی دیاسپۆرا.
هەروەها بەڕێزیان سوپاسێکی بێ پایانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتی بەڕێزیان لە کارەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی دەیان کوردستانی هەرچوار پارچەی کوردستان و نووێنەری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵە کوردستانییەکانی ڤییەنا بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری کوردستانیان بێنە نێو کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.