پەرلەمانتارێکی عێراق: مامۆستایان دەبێت لە پێش بارەگای یوئێن بۆ فشار خستنە سەر بەغدا خۆپێشاندان بکەن
شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بە (بازمیدیا)ـی گوت: هەرچەندە مامۆستایان ماوەیەک بەرگەی نیو مووچەیان گرت، بەڵام دەبێت واقیع بینبن و بەو پەڕی راستگۆییەوە قسە بکەن، چونکە باش دەزانن مووچە لای بەغدایە، ئیتر بۆ زیان بە مناڵی خەڵک دەگەیەنن.
پەرلەمانتارەکەی عێراق پێیوایە کە مامۆستایان دەبوو بچنە پێش بارەگای (یو ئێن) خۆپیشاندان بکەن، تا فشار لەسەر بەغدا دروست بکەن و پارە لە کاتی خۆی بنێرێت، لە کۆتایدا ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت حکومەتی هەرێم ناتوانێت مووچە بدات، جگە لە مامۆستایان، کەمئەندامانی سەنگەر کە بەشێک لە جەستەیان بەخشیوەتە ئەم خاکە، کەسوکاری شەهیدان کە کەسێکی گرنگیان شەهید بووە ئەمانەش زۆر زەرورترن کە مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام بەغدا پارە نەنێرێت چۆن مووچەیان پێ بدرێت؟.
شوان محەمەد جەختیکردەوە کە دەبێت واقیعانە بیر بکەینەوە، ئێمە بیرمان دێت رۆژێک دەیانگوت با بەغدا مووچەمان پێ بدات، با هەرێم لەگەڵ بەغدا رێکبکەویت و نەوت رادەست بکات، فەرموون هەموو ئەمانەمان کرد و یاسای بوودجەش دانراوە و پەسند کرا، ئێستا هیچ لای هەرێم نییە، ئەی بۆ رووتان لە بەغدا ناکەن و بڵێن کوا مووچەکانمان،؟ بەداخەوە ئەم خۆپیشاندانە تێکەڵ بە ئەجێندای سیاسی کراوە، یەکيتی نیشتمانی رۆڵی باش نییە و لە ناڵ و لە بزماریش دەدات، خۆی بەشێکە لە حکومەتی هەرێم و هەموو بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەکانی سنووری زۆنی سەوز سەربەون، ئەگەر سبەی ئیعقزیان پێ بدات بچنەوە قوتابخانەکان یەک بەڕێوەبەر ناتوانێ لە ئیعازەکەی دەربچێت، بەڵام بەداخەوە ئەم خۆپیشاندانانە بۆ لاوازکردنی حکومەتی هەرێم و لێدانە، واتە بۆ داواکردنی مافی مامۆستا نییە، بەڵکو بابەتەکە بەسیاسی کراوە.