قوتابیانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان چوار رۆژە لە دەباشان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئاوڕیان لێ نادرێتەوە
ماوەی چوار رۆژە قوتابیانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان ناڕەزایەتییەکانیان بۆ دەباشان و بەردەم بارەگای بافڵ تاڵەبانی گواستوەتەوە، تا بتوانن لە نزیکەوە گرفتەکانی خۆیان بخەنەڕوو،کەس ئامادەنەبوون بچنە نێو قوتابییەکان و گوێ بۆ داواکارییەکانیان بگرن.
توانا لەتیف، نوێنەری قوتابییە ناڕازییەکانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بە بازمیدیای راگەیاند: لەبەر ئەوەی ئيمە لە زۆنی سەوزین و ناوچەکەمان یەکێتی تێدا باڵا دەستە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی تەواویان لێرە هەیە، بڕیارماندا دوای چوار هەفتە لە خۆپیشاندان لە گەرمیان کە هیچ بەرپرسێک بەدەم داواکاریەکانمانەوە نەهات، خۆپیشاندامەکانمان بۆ دەباشان بگوازینەوە، ئەوە چوار رۆژە لە پێش دەباشان خۆپیشاندان دەکەین، تا ئێستا هیچ کەس نەهاتووە گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن و چارەسەرمان بۆ بکەن.
نوێنەری قوتابییە نارازییەکانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان دەڵێ: داواکارییەکانمان بریتین لەوەی کە کۆلێژی پزیشکی گەرمیان دابخرێت و قوتابییەکانی بۆ کۆلێژە پزیشکییە هاوسیستمەکان بگوازرێتەوە بە میکانیزمی گونجاو، یان کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بۆ شارێکی دیکە بگوازرێتەوە کە توانای بەڕێوەبردنی هەبێت لە رووی ئەکادیمی و زانستییەوە، یان تەقیفکردنی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بۆ کاتێکی دیاریکراو بکرێت و قوتابییەکانی بۆ کۆلێژەکانی پزیشکی زانکۆکانی دیکە بگوازرێتەوە.
توانا لەتیف بۆ بازمیدیا گوتی: کۆلێژەکەی ئێمە بروانامەکەی لەلایەن عیراقەوە دانپیانراو نییە، ئێمە بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەین دەبێ دانپیانانمان هەبێت، سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا دە بۆ سیازدە دکتۆرمان هەیە، لە کاتێکدا پێویستمان بە هەشتا دکتۆری پسپۆڕ هەیە تا وانە بە قۆناغی یەک تا شەش بڵێتەوە، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەمان نییە، بۆ هەموو ئەمانەش بڕە پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە چەند قۆناغێک دەکرێتە قوربانی تا ئەمە تەواو بکرێت، بۆیە داواکارییەکانمان گۆڕی و وەک ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداوا.