ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی رای دەگەیەنێت، بوونی پەکەکە لە باشووری کوردستان زیانی بە حکومەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، ئەم هێزە لە ئەورووپا و ئەمریکا بە تیرۆرست ناسراوە، بۆیە هەر کارێک بەناوی کوردەوە بکەن خزمەت بە دۆزی کورد ناگەیەنێت.
دیندار نەجمان دۆسکی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند: بونی پەکەکە لە باشووری کوردستان بە بەرژەوەندی کورد نازانم، هەرچەندە هەموومان لەگەڵ کێشەی کورد لەباکوری کوردستان هاوسۆز و پشتیوانین، بەڵام پەکەکە حزبێکە لە ئەورووپا و ئەمریکا بە تیرۆرست ناسێنراوە، کەواتە هەر شتێک بەناوی کوردەوە بکات، دەبێت بە عەیبە بۆ کورد.
ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتوو دەڵێت؛ بمانەوێ یان نە، پەکەکە و برادەرانی یەکێتی پەیوەندییان هەیە، کاک بافڵ تاڵەبانی خۆی باسی ئەوەی کرد، کە پێشتر خودی مام جەلال رۆڵی لە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، پەکەکە و پارتی هەبووە، ئەمەش لەسەر بنەمای باشی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکە بووە، بەداخەوە پەکەکە زیانی زۆری بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی و دەستکەوتەکانی گەیاندووە.
دیندار دۆسکی جەخت دەکاتەوە، کە پەکەکە هەر شتێک بکات لە خزمەتی قەزییەی کورد نییە، هەموو رەئی گشتی لەگەڵ کورد هاوسۆزی هەیە، بەڵام لەگەڵ هێزێکی وەک پەکەکە هاوسۆز نیین و بە تیرۆرستی دەزانن، بۆیە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لەسەر مەترسییەکانی تورکیا و درۆن غەریب نییە، چونکە تورکیا لە هەر جێگایەک پەکەکەی لێ بێت لێی دەدات،
سەبارەت بەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی کە گوایە تەنیا بۆچوونی تورکیایە یەکێتی هێندە رووی بە پەکەکە داوە و پەیوەندی باشە لەگەڵی، دیندار نەجمان دۆسکی بۆ (بازمیدیا) رایگەیاند: رێزم بۆ کاک بافڵ هەیە، بەڵام پەیوەندی نێوان حزبەکەی و پەکەکە لە واقیعدا شتێکە، ئەوەشی لە راگەیاندن دەیڵێت شتێکی دیکەیە، چونکە پەیوەندیان هەیە و هاوکاریشیان دەکەن، بەردەوام بوون لەسەر ئەم پەیوەندی و هاکاریانەیان بۆ پەکەکە بێ شک مەترسی لەسەر خودی بافڵ تاڵەبانی و حزبەکەی دروست دەکات، دەبێت ئاگایان لە خۆیان بێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی نە یەکێتی و نە هەرێمی کوردستان دەبێت.