مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە دەکات

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10/9 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نییە .
دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکوو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، ڕۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال هەبوو، گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لە سەربنەمای ڕێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.