سەرتیپ جەوهەر، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی:
ئەم كۆنگرەیە لێكترازانێكی ناوخۆیی بەئازارە و چەپكە گوڵەكە هەڵدەوەرێنێت.
بڕیارە 27 ئەم مانگە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆنگرەی پێنجەم بكات.
ئەم كۆنگرەیە لەبارودۆخێكی ناجۆر و بەبێ بوونی زەمینەیەكی لەبار دەكرێت، وا هەستدەكرێت بڕیاری كۆنگرە لەسەرووی ئەم حزبە و لەدەرەوەی ئیرادەی ئەم حزبە دراوە.
ئەم كۆنگرەیە، دەبێتە هۆی دابڕینی یەكێتیی نیشتیمانیی لە مێژوو رابردووی خۆی و ئەو پرەنسیپ و تێگەیشتنانەی لەسەرەتاوە لەسەری دامەزراوە. ئەو یەكێتییە نوێیەی دوای كۆنگرە، هیچ پەیوەندییەكی بەمێژووی مام جەلال و جوامێرانی ئەو رێگایە نامێنێت.
ئەم كۆنگرەیە لێكترازانێكی ناوخۆیی بەئازار و چەپكە گوڵەكە هەڵدەوەرێنێت. لەتبونێكی موحەقەقە. لەتێكیان دوای ئەم كۆنگرەیە، رێگەی رەجعیەت و كۆنەپارێزی و حوكمی تاكەكەسی و بنەماڵەیی و میراتگریی دەگرێتەبەر.
لەو مۆدێلەی حزبایەتی كە مۆدێل و مەدرەسەی سۆڤیەتە، جگە لەسەرۆك، مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی هیچ رۆڵ و پێگەیەكی مەعنەوی و شەخسیان نییەو دەبنە دارودەستەو دەربار، هیچ رۆڵێكیان لەنەخشەكێشان و بڕیاردان دا نییەو نابێت و تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن و چاویان لەپرۆژە ئابورییەكانیان دەبێت.
پێشبینی دەكەم بەمزووانە پێشكەتنخوازان و هەڵگرانی هەمان رێچكە و رێبازی مام جەلال و جوامێرانی هەمان رێگە رێچكە و رێباز كە بیری چەپ و پێشكەوتنخوازیان هەبوو، یەكێتییەكی دیكەی راستەقینەیە، بەبەرگێكی نوێ رابگەیننەوە كە پێویستی كۆمەڵگای كوردستان و ژیانی سەردەمە. چونكە ئەم یەكێتییەی ئێستا كۆنگرە دەكات، چیتر ناتوانێت نوێنەرایەتی باڵی چەپی ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان بكات.
بەكورتیەكەی، ئەم رەوتە نوێیە، یان لەتەكەی دیكە، دەبنە میراتگری فكرو تێگەیشتنی پێشكەوتنخوازانی مێژووی نوێ، كە مام جەلال و هاوڕێیانی ئیلهام بەخشی بوون.