دڵشاد عەبدولرەحمان، وەزیری پێشووتری پەرورەدە لە پشكی یەكێتی، كە یەكێك بووە لە هاوڕێ نزیكەكانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، دەڵێ من سەرم سوڕماوە یەكێتی لەلایەك رێگری لە دەوامكردنی شۆڕش ئیسماعیل دەكات و لەلایەكی دیكەش قوباد تاڵەبانی سەردانی دەكات و ستاییشی دەكات.
دڵشاد عەبدولرەحمان، وەزیری پێشووی پەروەردە لە پشكی یەكێتی، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بەرگریی لە شۆڕش ئیسماعیل دەکا و نووسیویەتی: “شۆڕش ئیسماعیل، پێشمەرگەی 76 ،ناسراوە بە شۆڕشی سەرتیپ، لەبەر ئەنجامدانی چالاکیەکی گەورەی پێشمەرگانە لەناو شاری سلێمانی دژ بە دامودەزگاکانی بەعس، برایەکی لەناو شاری سلێمانی بەر غەزەبی ملازم موحسینی جەللادی سلێمانی دەکەوێ و لەشاردا بێ تاوان شەهید دەکرێ.”
لە درێژەی نووسینەكەیدا سەبارەت بە شۆڕش ئیسماعیل، نووسیویەتی: “دوای ڕاپەڕین، ناسیاویم لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل پەیدا کرد، خاوەنی ڕەوشتێکی بەرز و بەهای کۆمەڵایەتیی بڵند بوو، بووینە هاوڕێ و تێکەڵاوی خێزانیمان پەیدا بوو، من هەر بە کاک شۆڕش ناوزەدم دەکرد و ئەویش منی بە مامۆستا دەناساند، نیفاقی سیاسی بەداخەوە من و ئەوی بۆ ماوەیەک لەیەک دابڕان، وەلێ خۆشەویستی و تێکەڵاویی خێزانیمان هەر بەردەوام بوو. ئەم پێشەکیەم بۆ ئەوە بوو، هەتا بێمە سەر بەیتی مەقسەد: ئەرێ گەلۆ شۆڕشێک کە پێشمەرگە و سەرتیپ و نزیکی مام جەلال و هاوڕێی نزیک و جێ متمانەی هێرۆخان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وەزیری پێشمەرگە، ئەوە یەکێتی بۆ ماوەی ساڵێکە فەرمانی پێ کردووە كە لە پۆستی وەزارەت دەست لەكار بكێشێتەوە تەنانەت ڕێی دەوامكردنیشی لێ گیراوە تا ئەو كاتەی دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵ دەكرێ.”
دڵشاد عەبدولرەحمان دەشنووسێت: من سەرم سوڕماوە،کاتێ دوای ئەوەش، قوباد تاڵهبانی سەردانی شۆڕش ئیسماعیل دەکات لە ماڵەوە و ستاییشی دەکا، ئەدی ئەم کێشەیە بۆ خوڵقاوە؟ من خۆم هیچ لێكدانهوهیهكم نییە، تەنیا ئەوە نەبێ، کورد راستی گوتووە،کە دەڵێ تا بمێنی شتی سەیر دەبینی!