مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی: سیاسەتی بەغدا بەرامبەر هەرێم، هەموو خەڵک دەیبینێت و نیگەرانن لێی
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ ئەم سیاسەتەی ئێستای بەغدا کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێ، هەموو خەڵک دەیبینێت و نیگەرانن لێی، بابەتەکەش پەیوەندی بە چارەنووسی میللەتەکەمان هەیە، چونکە ئەوان دەستیان خستووەتە سەر قوڕگمان و لۆد و فشارێکی زۆریان بۆ کەوتنی کوردستان دروست کردووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم پرسە دانیشن تا هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و وەڵامێکیان بەرامبەر حکومەتی عێراق هەبێت، دەبێت چارەنووسی خەڵکی کوردستان دیاری بکەن، چونکە چارەنووسی میللەتەکەمان بەستراوەتەوە بەم پرسەوە.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت؛ ئەمەی ئێستا لە عێراق روودەدات سیاسەتی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو لە پشتی ئەو کۆبوونەوە دەکرێت و دەستی دەر و دراوسێکانی عێراقی تێدایە، دەیانەوێ دەست بخەنە قوڕگی خەڵکی کوردستان و نارەحەتیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە بێ بەها و لاواز بکەن، خەڵک ئێستا ئەوەی دەگوزەرێ دەیبینێت، ئەمەش ئەنفالێکی دیکەیە بەسەر کوردستان دەیهێنن، دەیانەوێ بەم جۆرە بەتەواوی کوردستان بخەن، من سێ چوار ساڵە هاوار باسی ئەوە دەکەم لە عێراقدا کورد هیچ دۆستێکی نییە.
روونیشی کردەوە کە لە شەڕی داعش و سەردەمی بەعسیش ئێمە زۆر بەکەڵکی ئەوان هاتین، هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش بەرگری لەوان کرد، ئەمەش وەفای ئەوانە بەرامبەر کورد و کوردستان کە دەیانەوێ ملکەچمان بکەن، بۆیە پێویستە ئیدی ئێمە یەکگرتووبین تا خراپتر سوود لە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کوردستان نەبینن و دژی خۆمان بەکاری بهێننەوە.