ئەگەرەکانی دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی زۆر بوون

‎🔸 ئەگەرەكانی دواخستنی كۆنگرە زۆربوون
‎🔻 هەوڵێك هەیە بۆ كۆكردنەوەی هەمووان لەدەوری ئاگردانێك
.
‎✍️ سەرتیپ جەوهەر
‎لەگەڵ ئەوەی بڕیارە 27 مانگ كۆنگرەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بكرێت، بەڵام ئەگەرەكانی دواخستنی كۆنگرەكە زۆربووەو پێناچێت لەو وادەیە بكرێت و دوادەخرێت بۆ كاتێكی دیكە. بەپێی زانیاریی چەند رۆژێكیشە ئامادەكارییەكان خاوبوونەتەوە.

‎ئەگەری دواخستنی كۆنگرە، دووبارە داڕشتنەوەی ئەم حزبە، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە. یەكەمیان؛ تائێستا رێككەوتنی ناوخۆ، مەبەست رێككەوتن لەگەڵ سەركردەو كەسە كاریگەرەكانی ناو فەلەكی یەكێتیی نەگەیشتۆتە ئەنجامێكی ئەوتۆو بگرە گفتوگۆیەكی ئەوتۆ نەكراوە، تەنها لەبازنەیەكی زۆر دیاریكراو باسی پەیكەربەندی نوێ و پڕكردنەوەی ناونیشانەكان كراوە بەپێی تێگەیشتنی گروپێكی دیاریكراو.
‎دوومیشیان داواكاری دەرو دراوسێیە كەئەمیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری یەكەم. ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەگەر بەر لەكۆنگرە هەموو كەسە كاریگەرەكانی فەلەكی یەكێتیی لەدەوری ئاگردانێك كۆنەببنەوەو بەشدارنەبن لەداهاتووی ئەم حزبە، یەكێتیی گورزێكی كەمەرشكێنی بەردەكەوێت. بەتایبەت دوو هەڵبژاردنی بەڕێوەیە لەماوەی شەش مانگدا. بەمانایەكی دیكە، ئەگەر كەسە كاریگەرەكان بەشدار نەبن لەم كۆنگرەیەو پێشوەختە رێككەوتن نەكرێت، ئەوا یەكێتیی زۆر بەخێرایی سەنگ و كاریگەریی لەدەستدەدات و رەنگە بەر لەكۆنگرە لێكەوتەكانی بەدەربكەوێت و دەنگی گەورە لەناوخۆی یەكێتیی ببیسترێت.
‎بەپێی زانیاریی و لێكدانەوەی لۆژیكیی، یەكێتیی بەواقعێكی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان كە لەبەردەم دابەشبوونێكی زۆر مەترسیدارو بەئازاردایە.

‎لەوانەیە بیرۆكەی كۆكردنەوەی هەمووان لەدەوری یەك ئاگردان هاتبێتە پێشەوە، دەستپێشخەری نوێ هەیە، ئێرانیش هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە، بەڵام رێككەوتن ئاسان نییە، بەتایبەت كەسە زۆر كاریگەرەكانی یەكێتیی، لەدەرەوەی بڕیاردانی ئێستای یەكێتیین و تێگەیشتن و مەرجی خۆیان هەیە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان بەتایبەتیش پرسی پەیكەربەندی یەكێتیی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان.
‎بەپێی لێكدانەوەی واقعی سیاسی كوردستان، پرسی ئایندەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، تەنها گرێدراوی ناوخۆی ئەو حزبەو كوردستان نییە، بەڵكو حیساباتی ئیقلیمیشی لەسەر دەكرێت، بۆیە دەرودراوسێ‌ لەنزیكەوەو بەگرنگیەوە لێی دەڕوانن