هاتوو هاواریان بۆ هاوتاکردنی ١٦ ئۆکتۆبەر بە ٣١ ئابە!
قەهرەمان عوسمان:
یەکێتی نیشتیمان کوردستان ساڵانە لە یادی ٣١ ئاب چاوشەیەکی ڕاگەیاندن دەخاتە پێش بۆ ئەوەی بە کوردستانیان بڵێت: ١٦ی ئۆکتۆبەر یەکسانە بە ٣١ ئاب. تەنانەت مەلا بەختیاریش لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کاتێک پرسیاری ١٦ی ئۆکتۆبەریان لێی کرد گوتی: پارتیش ٣١ی ئابی ئەنجامدا!
با بەراوردێک بکەین بزانین پروپاگەندەی یەکێتی تا چەند ڕێی تێدەچێت کە ڕاست بێت؟
٣١ی ئابی ١٩٩٦ بە شاهێدی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەرئەنجامی پەلکێشکردنی ئیران بوو لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان. کەواتە یەکێک لە هۆکارەکانی ٣١ ئاب پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو لە داگیرکاری ئیران.
ئەمەش دەمانگەینێتە ئەو دەرئەنجامەی کە پارتی هێزی رژێمی بەعسی بەکارهێنا بۆ پاراستنی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر نا لەو کاتەوە هیچ شوێنێک بە ناوی هەرێمی کوردستان بوونی نەدەما.
لە بەرامبەردا ١٦ی ئۆکتۆبەر بە شاهێدی مەلا بەختیار و کۆسرەت رەسول و جوت ئامۆزاش هەڵە و خیانەتێک بوو کە دەرئەنجامەکەی رادەستکردنی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان بە ئیران بوو کە بە خوێنی پێشمەرگە لە دەستی داعش رزگار کرا بوو و پارێزرا بوو.
١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ دەرکردنی دەوڵەتێکی داگیرکەر دروست نەبوو، بەڵکو بۆ هێنانی ئیران و فرۆشتنی خاکی کوردستان بوو، بۆ لێدان لە شکۆی کوردستانیان لە تێکڕای جیهان و شکاندنی دەنگی سەربەخۆیی خوازی نەتەوەیەک بوو کە لە ڕیفراندۆمدا دەنگی بە سەربەخۆیی دابوو.
دەرئەنجامەکانی ٣١ی ئاب دەرکردنی ئیران و یەکێتی و نەهێشتنی کوشتن و بڕین و هێنانی ئاوەدانی و پێشکەوتن بوو و هۆکاری هێنانی نوێنەرایەتی سەدان دەوڵەتی ڕۆژئاوایی بوو بۆ کوردستان.
بەڵام ١٦ی ئۆکتۆبەر هۆکاری لاوازکردنی هەرێم و رادەستکردنەوەی هەرێم بە عێراق و دروستکردنی دەیان کێشە لەوانە مووچە و بڕینی قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو.
ئیتر دەهۆڵەکەتان ناتوانێت هەرگیز ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر هاوتا بکات.