ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: ئێمە نەبین پە٭کە٭کە تا دەربەندی رانییە حوکم دەکات
ناوە ناوە چەکدارانی پە٭کە٭کە لە زۆنی سەوز بە شێواز و سیناریۆی جیاواز دەکرێن بە ئامانجی درۆنەکانی تورکیا، ئەمەش وای کوردە کە بەرپرسیانی پە٭کە٭کە هەڵوێست وەربگرن، لەمبارەیەوە بێنە دەنگ و بە گومانبوونی خۆیان بەرامبەر یەکێتی دەرببڕن.
لەمبارەیەوە بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باز میدیا)ی گوت؛ باوەڕ بکەن ئێمە نەبین پە٭کە٭کە تا دەربەندی رانییە حوکمی دەبێت، ئێستا ناوچەی هەورامانیان لەبەر دەستە، یەکێتی ناتوانێت لە سلێمانی بەبێ پە٭کە٭کە جوڵە بکات، چونکە شتێک بەدەستی یەکێتی لەو زۆنی تێکەڵاوە نەماوە، وا پەلەقاژەیەتی لەنێو ئەو دۆخەدا.
گومان دەکرێ کە کوژرانی کادرانی پە٭کە٭کە دەستی یەکێتی تێدابێت، بەوەی لەبارەی جوڵەکانیانەوە زانیاری بە تورکیا بدات، بڵند ئیسماعیل بە (باز میدیا)ی گوت؛ روونە کە کێ لە زۆنی سەوز باڵا دەستە، خۆ ئێمە نازانین پەکەکە لە هەورامان، هەڵەبجە، پێنجوێن، سلێمانی و رانییە و گەرمیان چۆن هاتووچۆ دەکات و بۆ کوێ دەڕۆن، بەڵکو یەکێتی دەزانێت لە کوێوە دێن، کاتژمێر چەند جوڵە دەکەن، بەڵنیایی ئەمانە دەکاتە ئامانج و زانیارییەکانیان دەدات بە تورکیا، ئەمە روونە.