داواکاری گشتی داوای ڕادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات

داواکاری گشتی داوای ڕادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات

دەقی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی:

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستانەوە

بەداخەوە ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی ، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان ، ڕۆژ بە ڕۆژ روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن ، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نشتیمان و سەروماڵی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بلاوبکەنەوە.

لەو ڕوانگەیەوە ڕایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە ڕادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا ڕێکاری یاسایی خۆیی بەرامبەریان بگرێتە بەر .

بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا ، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حالەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەلگە بە گشتی ، لە ترس و دلە راوکێ نائارامیدا بێت

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان