ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
کاتژمێر ( ٣٠؛٩ ) بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢٣/٨/٣ ) بڕی ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە.
شایەنی باسە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بەزیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاردبردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.
بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کەحکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادو جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.
بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو ١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.