ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، ھێزە خۆبەخشەکەی گەرمیان، ڕوونكردنەوەیەكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو کردووەتەوە كە تێیدا ھاتووە: ”بە ناوی ھێزەکانی خۆبەخشی گەرمیانەوە، ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو دەکەینەوە، ئێمە لە سنووری گەرمیان، ھیچ ڕێگرییەک و سەرانەمان لە ھیچ کەسێک نەسەندووە، ئێمە سەر بە لیوای (ئەیووب یوسف)ین، لە لیوای سێ و لیوای حەوت، بەشێکمان کارمەندی کۆمپانیای (ن. کەسنەزانی)ن، ئەم خۆبەخشانە بەشداریی شەڕی داعشیان کردووە، ئێستاش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و ھیچ کاتێک بەدەر نین لە یاسا.“
هەر لە ڕوونکردنەوەکەی ھێزە خۆبەخشەکەی گەرمیاندا ئاماژە بەوە دراوە: ”ھێزە خۆبەخشەکە بێ چەک بوون، لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا ھێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی ھەڵیکوتاوەتە سەرمان و کوژراو و بریندارمان ھەیە.“
هاوكات ئاشكرایان كردووە: ”ماڵ فەرهوود کراوە و پارە و ئاڵتوونێکی زۆر براوە، تەعەدا لە ئافرەتەکان کراوە، ئێمە ئەم كارە لە شێخ میقداد، بەرپرسی مەڵبەندی یازدەی گەرمیانی یەكێتی دەزانین.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە شەوی رابردوو، ئاسایشی یەكێتی ئەم هێزە خۆبەخشەی گەرمیانی بە هێزێكی بەدەر لە یاسا وەسف كرد و بەوە تۆمەتباری كردن كە سەرانەیان لە خەڵك سەندووە، بە هیچ شێوەیەكیش ئاماژەیان بەوە نەكرد كە هێزەكە لە كاتی شەڕی داعشەوە لەو دەڤەرە هەن.