بەمزووانە چاپی یەكەمی نوێترین كتێبی سەرۆك بارزانی، (بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) بە زمانی كوردی دەكەوێتە بەر دەستی خوێنەرانەوە

بەمزووانە چاپی یەكەمی نوێترین كتێبی سەرۆك بارزانی، (بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (كوردستان و عێراقی نوێ، 2003-2016) بە زمانی كوردی دەكەوێتە بەر دەستی خوێنەرانەوە.

كتێبە تازەكەی سەرۆك بارزانی لە 1234 لاپەڕە و دوو بەرگ پێكهاتووە و باسی قۆناغێكی هەرە گرنگی مێژووی نوێی كوردستان و پێشهاتەكانی مێژوویەكی سێزدە ساڵە دەكات و، لە چواردە بەشی جیا پێك دێت. لەم كتێبەدا ئاماژە بە بارودۆخی كوردستان و عێراق لەو ماوە گرنگە دەكات و بە وردی باس لەو زنجیرە ڕووداو و بەسەرهاتانە دەكات كە ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقی بردووەتە قۆناغێكی تازە. شەڕی ڕزگاریی عێراق و ڕووخانی ڕژێم و دەستپێكی ڕۆڵی كوردستان لە عێراقی تازە و قۆناغی مەجلسی حوكم و قۆناغی ئینتیقالی و نووسینەوەی دەستووری تازەی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی عێراق و ململانێیەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەورەها پێشێلكاریی دەستوور و دەیان ڕووداوی گرنگی تری عێراق لەو كتێبەدا باس كراوە. سەرۆك بارزانی بە وردی باسی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان و هەڵبژاردنەكان و ڕووداوە گرنگەكانی تری هەرێمی كوردستان لەو ساڵانە دەكات. دوایین بەشی كتێبەكە تازەكەی سەرۆك بارزانی، باسكردنی شەڕی داعش و قارەمانێتیی پێشمەرگە و بەرگریی گەلی كوردستانە لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش هەتا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ.

كتێبی بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد 94 بەڵگەنامەی گرنگی مێژوویی و سیاسیی وەخۆهەڵگرتووە كە پەیوەستن بە ڕووداوە سیاسیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی 2003 هەتا 2016. كتێبەكە دەوڵەمەندە بە ژمارەیەكی زۆر وێنەی مێژوویی و هەروەها نەخشەی شەڕەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەدژی تیرۆریستانی داعش.

كتێبی (بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (كوردستان و عێراقی نوێ، 2003-2016) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی سەرچاوەیەكی گرنگی زانیاریە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژووناسان و ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم چینوتوێژەكانی كوردستان و عێراق.

چاوەڕوان بن…