حەسیبە سەعید؛ فراکسیۆنی یەکێتی ویستیان پرۆژەی جێندەر و هاوڕەگەزخوازی بێننە پەرلەمان، ئێمە ڕێگریمان کرد
ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، کە پرسی هاوڕەگەزخوازی لەلایەن یەکێتی نیشتمانییەوە وەک پرسێکی هەستیار تەماشا ناکرێت، بەڵکو بەنیازبوون وەک پرۆژەیەک بیهێننە نێو پەرلەمان و بیکەن بەیاسا، بەڵام ئێمە ڕێگریمان لێ کردن.
حەسیبە سەعید، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە (بازمیدیا)ی ڕاگەیاند؛ ئێمە لەگەڵ جێبەجێکردنی پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤین، ئەگەر ڕێزگرتن لە بەها ئاینییەکانی تێدابێت، بابەتی هاوڕەگەزخوازی لای ئێمە قبوڵکراو نییە و لە هیچ کەس و لایەنێکیش قبوڵناکەین بیەوێ کەلتوری خۆی بەسەر ئێمەدا جێبەجێ بکات، چ لە نێوخۆدابێت یان دەستێوەردانی دەرەکی بێ بۆ هێنانی پرۆژەی لابەلا و دوور لە بەها و ڕوەشت و بیانەوێ لێرە بانگەشەی بۆ بکەن یان پەرەی پێ بدەن.
ئەندامەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی باسی هێنانی پرۆژەیەک لە ژێر ناوی جێندەر و هاوڕەگەزخوازی بۆ پەرلەمان کرا، زۆر بە ئاسایی بەرگریان لێ دەکرد تا لە چوارچێوەی یاسا ڕێکبخرێت، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ڕێگریمان لەوە کرد کە بێتە نێو هۆڵی پەرلەمان، چونکە وەک بۆمبی چێنراوە کە ئامادەی تەقینەوەیە.
ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە لە داهاتووشدا ڕێگری لە هەر هەنگاوێک بکرێ کە نیاز و ویست و هاندانی تێدابێت بۆ پەرەدان بە بابەتی هاوڕەگەزخوازی، دەبێت یاسایەک دابنرێت قەدەغەت بکات، سزای لە سێدارەدانیش جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان کارا بکرێتە و حوکمی ئەو کەسانەی پێ بدرێت.