سەرتیپ جەوهەر : دۆخی یەكێتیی لەوپەڕیی خراپیدایە

سەرتیپ جەوهەر ، ڕۆژنامەنووس و کادیری دیاری یەکێتی :

لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال لە كۆتایی 2012، سەركردایەتی یەكێتیی ڕووبەڕووی واقعێكی نوێ‌ بوویەوە، بەهۆی بارودۆخی ناوخۆ و هۆكاری دیكە، نەیانتوانی ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە غیابی رەوانشاد (مام جەلال) دروستیكرد. دەتوانم بڵێم لەئاست خواست و دابینكردنی پێداویستی قۆناغەكە نەبوون و دابڕانی گەورە له نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و جەماوەرەکەی ڕوویدا.

ئەم دابڕانەی نێوان سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بنكە جەماوەرییەكەی درێژەی كێشا، بارودۆخی ناوخۆی ئەو حزبە ئاڵۆزتر و سەختتر بوو.

ژیانی حزبایەتی قۆناغ بە قۆناغ پاشەكشەی كرد ، هەریەكە لە كاك كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و كاك د. بەرهەم ساڵح ناوەندی بریاریان ڕاگەیاند! دواتر د. بەرهەم ساڵح و گرووپێك لەناوخۆی یەكێتی چوونەدەرەوە و گرووپێكیان بەناوی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی دروستكرد، جگە خراپی دۆخی ناوخۆ، فاكتەری دیكەش هەبوو بۆ دابڕانی زیاتری سەركردایەتی لەبنكە جەماوەریەكەی!

كۆنگرەی 4ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چانسێك بوو بۆ باشتركردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی و گەڕانەوەی ئەم حزبە بۆ سەر ڕێچكەی حزبایەتی و ئیحتیواكردنی خواستی جەماوەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قۆناغەكە.

سەرباری هەموو سەرنج و تێبینی و ڕەخنە لەبەڕێوەچوونی كۆنگرە و دواتریش، پەیرەوی ناوخۆ گۆڕاو بزوتن و گڕوتینێك لەژیانی حزبایەتی دروستبوو، كۆبونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی دەكراو بڕیاردان لەناو دامەزراوەكانی بڕیاردان و ئۆرگانەكانە حزبییەكان بوو، بەڵام رووداوی 8ی تەمموزی 2021 دۆخەكەی بەتەواوی هەڵگێڕایەوە و لەجاران ئاڵۆزتری كرد، كودەتایەكی سەربازیی تەواوی ڕیسەكەی كردەوە خوری.

ژیانی حزبایەتی و پەیڕەوی ناوخۆ و دامەزراوەكانی بڕیاردان (سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی..هتد) هەمووی هەڵپێچراو پەكخران، هیچ رۆڵیان نەما، ئەجێنداو سیاسەتی و تێگەیشتنی حزبیی تارمایی كەوتەسەر و ڕووئیای حزبی لەبارەی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كۆكردەوە لەتێگەیشتنی تەنها كەسێك یان دووان.

واتە لەدوای رووداوی 8ی تەمموز جگە كاك بافڵ تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانیی هیچ كەسێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ناتوانێت گوزارشت لەسیاسەت و ڕووئیای یەكێتیی بكات، چونكە هیچ رۆڵیان لەنەخشەڕێژكردن و بڕیاردانی یەكێتیدا نەماوە، بگرە ئاگاداری هیچ گۆڕانكارییەك یەكێتیش نین.

دەتوانین بڵێن، 8ی تەمموز جارێكی دیكە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بنكە جەماوەریەكەی لەیەكتر دابڕی، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتیی، خاوەنی تێگەیشتن و ڕووئیای خۆیانن و لێرە و لەوێ‌ تێگەیشتن و گلەیی و گازندەو بێدەرەتانیی خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام بەشدارنین لەم دۆخە خولقاوەی ناوخۆ.

بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە، رۆڵیان لەبڕیاردان نییەو (لاحول ولا قوە).
بەپێی زنجیرەیەك ڕاپرسی تایبەت و باوەڕپێكراو كە لەلایەن چەند ناوەندێكی تایبەنمەند لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووكەوە كراوە، دۆخی یەكێتیی لەوپەڕیی خراپیدایە! ئەم ڕاستییە كاك لاهور و كاك بافڵ هەموو سەركردایەتیی یەكێتیی لێی ئاگادارن.

ژمارەكان هی بڵاوكردنەوە نین، بەجۆرێك لەماوەی 32 ساڵی ڕابردوو ئەم یەكێتیی بارودۆخی لەمشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە! هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە دەنگدەرانی یەكێتیی سەریان لێشێواوە، بەدوای دەریچە و بەدیلدا دەگەڕێن تا بتوانن ئیرادەی خۆیان تەسلیم بكەن.

ئێستاو لەم قۆناغە، بوونی لیستێكی بەدیل، چ لەكەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان یاخود لەهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، پێویست و گرنگە، بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەرت و پەرتەوازە نەبێت و لەسەبەتەیەك كۆبكاتەوە. لیستێك توڕەیی و ناڕەزایی ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانی ئەو حزبە ئیحتیوا بكات، زۆر گرنگە، كورد وتەنی “پارووی دەم بكەوێتە خوارەوە بۆناو كۆش، باشە “.

بەپێی ئەزموونی 2013 دەركەوت كە دەنگدەرانی یەكێتیی بەدوای بەدیلدا دەگەڕێین، بۆیە ئەوكاتە زۆرینەیان روویان لەبزووتنەوەی گۆڕان كرد، بەڵام دوای شەش مانگ بەهۆی گۆڕانێكی ئیجابیی، یەكێتیی لەهەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عیراق ئەو دەنگانە دووبارە روویان كردەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆیە دەبینین لەپارێزگایەكی لە 350 بە 500 واتە دەنگەكانی لە 13%ی بەرزبویەوە بۆ لە 18%ی دەنگدەرانی كوردستان.

گرنگە لیستێك هەبێت نوێنەرایەتی بنكەی جەماوەریی یەكێتیی بكات، واتە ئەو لیستە هەر لیستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت، دەنگدەرانی ناڕازیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و دەنگدەرانی و دەنگدەری ناڕازی كوردستان لەخۆبگرێت، لایەنیكەم بۆ رزگاركردنی یەكێتیی لەم قۆناغە كە دەتوانین بڵێین بەم حاڵەی ئێستا بڕستی لێبڕاوە! ئەمەش بۆئەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنی 2013 دووبارە نەبێتەوە.

نابێت ئەو راستیەش لەبیربكەین كە دەنگدەرانی یەكێتیی و گۆڕان دەنگدەری هەمان سەرچاوە و كانین، بەڵام ئێستا پەرتەوازە و بێدەرەتانن و لەچاوەڕوانیی بەدیل و دەریچەیەكن تا بتوانن دەنگی خۆیانی پێبدەن.