ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجمان ئەوەیە ، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ، هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی ، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.